ئەنجووومەنى ئاشتەوایی نامەى خۆى گەیاندە وەزیرى پەروەردە

ئەنجووومەنى ئاشتەوایی نامەى خۆى گەیاندە وەزیرى پەروەردە
لە ڕوانگەى بەرپرسیاریەتى و بەلەبەرچاوگرتنى ئەم دۆخە هەستیارەى دەڤەرەکە و گەلەکەمان کە چاوەڕوانى پێشهات و پرس و ئەگەرى تازەى لێ دەکرێت، ئەمە دەخوازێت هەموولایەک بە تایبەتى لایەنە سیاسییەکان هاوبەشى کردارەکى لە هێنانەوەى ئاشتەوایی و یەکڕێزى نیشتمانى بکات.
ئەمە بەشێکى ئەو نامەیەى (ئەنجوومەنى ئاشتەوایی)ـى بزاڤی ئاشتى ناوخۆیی (بان) بووکە ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتى (٢٠١٧/١/٣٠)ى زایینى لە لایەن شاندێکیەوە گەیاندیە دەستى (د. پشتیوان سادق) وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و داوایان لە وەزیرى پەروەردە کرد کە;لە هەفتەى ئاشتەوایی کە لە (٥ تا ١٢/٢/٢٠١٧) بەڕێوە دەچێت، یەک کاتژمێرى خوێندن لە سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگەکان بۆ ئەم مەبەستە تەرخان بکرێت و تێیدا وتار و درووشم و سروودى نیشتمانى و چالاکى جۆراوجۆرى تایبەت بە بەهاى ئاشتى و یەکڕێزى نیشتمانى و پێکەوە ژیان ڕوون بکرێتەوە.
وەزیرى پەروەردەیش لاى خۆیەوە ئەم مەهام و مەبەستەى بە گرنگ هەژمار کرد و هیواى خواست;کولتوورى پێکەوەژیان و ئاشتەوایی لە نێو خۆی هەرێمى کوردستاندا زیاتر پەرە بسێنێت و دایەلۆگ و گفتوگۆى بەسوود و ئاشتیانە لە نێو چین و توێژەکان ئەنجام بدرێت و پێشنیارى ئەوەشى بە ئەنجوومەنەکە دا کە گرنگى بە ڕاگەیاندنەکان بدەن و لە لایەکەوە ئاگاداریان بکەنەوە لەو شێوازى کارکردنەى کە دەشێت بە زەرەرى دیالۆگ و ئاشتى نێوخۆیی بێت و لە لایەکى دیکەیشەوە سوودیان لێوەرگرن بۆ گەیاندنى پەیامەکە بە هەموو تاکێکى کۆمەڵگە.
شایەنى باسە ئەم ئەنجوومەنە، لەخۆگرى نوێنەرى (٢٦٦) ڕێکخراو و یەکێتى و سەندیکاى پیشەیی و پێکهاتەى ئایینى و نەتەوەیی کوردییە کە هەوڵ دەدات ئاشتى و ئارامى و یەکڕێزى نێو ماڵى کوردى بەرقەرار بێت.














ZNA
Top