وته‌بێژی‌ هه‌ده‌په‌ ئازادكرا

وته‌بێژی‌ هه‌ده‌په‌ ئازادكرا
وته‌بێژی‌ هه‌ده‌په‌ له‌لایه‌ن دادگای‌ ئاماده‌وه‌ بڕیاری‌ ئازادكردنی‌ درا، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ له‌فرۆكه‌خانه‌ی‌ ئه‌نقه‌ره‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوو.

ئایهان بیلگان وته‌بێژی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ گه‌لان (هه‌ده‌په‌) له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ ئه‌سانبوغا له‌ شاری‌ ئه‌نقه‌ره‌ به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ توركیاوه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركرابوو.

به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ بیلگان له‌ تویته‌ری‌ خۆی‌ رایگه‌یاند، بڕیاربووه‌ بچێته‌ ئه‌سته‌نبوڵ له‌رێگه‌ی‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ ئه‌سانبوغا له‌ شاری‌ ئه‌نقه‌ره‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ توركیاوه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌.

به‌پێی‌ فورات نیوز، دادگای‌ ئامه‌د ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ دوای‌ وه‌رگرتنی‌ وته‌كانی‌" به‌مه‌رج" بڕیاری‌ ئازادكردنی‌ بیلگان-ی‌ داوه‌و ده‌یه‌وێت به‌ڵگه‌كان له‌سه‌ری‌ كۆبكاته‌وه‌.

له‌ماوه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ 17 مانگی‌ رابردوودا له‌ توركیا، هه‌شت هه‌زار و 432 ئه‌ندامی‌ هه‌ده‌په‌ و ده‌به‌په‌ له‌سه‌ر دۆسیه‌ی‌ كه‌جه‌كه‌و په‌كه‌كه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر و ده‌ستگیركراون، له‌و ژماره‌یه‌ش دوو هه‌زار و 360 كه‌سیان، هاوسه‌رۆكانی گشتی هه‌ده‌په‌و په‌رله‌مانتاران‌و هاوسه‌رۆكی شارو ناوچه‌و شارۆچكه‌كانن.

به‌پێی دۆسیه‌ی‌ كه‌جه‌كه‌ له‌ لایه‌ن دادگای ئه‌نقه‌ره‌وه‌ له‌ نیسانی 2009 ئاماده‌كراوه‌ "كه‌جه‌كه‌ باڵی سیاسی په‌كه‌كه‌یه‌ له‌ توركیا و باكوری كوردستان و ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ بڕیار له‌ په‌كه‌كه‌ وه‌رده‌گرن و پروپاگه‌نده‌ بۆ په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ن و به‌ زۆره‌ملێ هاوكاری دارایی له‌ بازرگانان و سه‌رمایه‌دارانی توركیا بو په‌كه‌كه‌ كۆده‌كه‌نه‌وه‌ ده‌بێت ده‌ستگیربكرێن".

دوای ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای توركیا، پارتی كومه‌ڵگای دیموكرات (ده‌ته‌په‌) داخرا و ناوه‌كه‌ی گۆڕا بۆ پارتی ئاشتی و دیموكراتی، له‌ 15 تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2012 هه‌ده‌په‌ دامه‌زرا كه‌ له‌ پێنج حیزبی سوشیال چه‌پی پێكهاتووه‌و به‌ده‌په‌ش یه‌كێك بوو له‌و حیزبانه‌ و هه‌موو رێكخراوه‌كانی سیاسی و كۆمه‌لایه‌تی‌ مه‌ده‌نی نزیك له‌ په‌كه‌كه‌ ده‌ستیان كرد به‌ هه‌ڵمه‌تی "ئێمه‌ هه‌مومان كه‌جه‌كه‌ین " و به‌ هه‌زاران سیاسه‌تمه‌دار و رۆژنامه‌نوس و چالاكوانی كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكدا ده‌ستگیركران و له‌ ساڵی 2013 و له‌ كاتی ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی چاره‌سه‌ری له‌ نێوان حكومه‌ت و ئۆجه‌لاند ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌د‌ا كۆتایی هات.

دوای‌ كۆتایی هاتنی‌ پڕۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ شه‌ڕ له‌نێوان په‌كه‌كه‌و توركیا له‌ هاوینی‌ ساڵی‌ 2015، توركیا ده‌ستیكرده‌وه‌ به‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ ده‌ستگیركردنی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ له‌سه‌ر دۆسیه‌ی‌ كه‌جه‌كه‌.
xandan -
Top