بەیاننامەی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە دوایین راپۆرتی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ

بەیاننامەی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە دوایین راپۆرتی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ
لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە دوایین راپۆرتی رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە ئەمە دەقەکەیەتی:
رۆژی 29/1/2017 رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ راپۆرتێکی بە ناوی ( هەرێمی کوردستانی عێراق: چەند منداڵێک ئیدیعای ئەشکەنجەدانیان دەکەن لەسەر دەستی هێزە ئەمنییەکان) و تێیدا باسی ئەوە دەکات کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ژمارەیەک منداڵ ئەنجامداوە کە تەمەنیان لەنێوان ١١ و ١٧ ساڵدایە و لە کۆی (١٨٣) منداڵ کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستگیر کراون بە تۆمەتی پەیوەندییان بە داعشەوە و بەشێوازی جۆراوجۆر ئەشکەنجەدراون و بەشێکیان پارێزەریشیان نەبووە، هەروەها رێگرییان لێدەکرێ پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بکەن.
لەکاتی هاتنی ئاوارە و راگوێزراوەکان لە سەنتەرەکانی پێشوازی کردن لە ئاوارەکان دەزگا ئەمنییەکان لێکۆڵێنەوە لە ناوەکانیان دەکەن و زانیاریان لەسەر وەردەگرن، ئەو کەسانەی کە گومانیان لەسەرە یان داواکراون، رەوانەی ئاسایش و دادگا دەکرێن بۆ ئەنجامدانی رێوشوێنی پێویست بەرامبەریان و تا ئێستا زیاتر لە (2000) کەس لە رێگای سەنتەرەوە دەستگیر کراون لەوانە (1500) بە بەڵگەوەی تەواوە دەرچووە کە ئەندامی داعش بوون هەیانە دوو ساڵ لە ریزەکانی داعش بوون، تەنانەت قەناسی بەدەستى داعش بوون و بەشداری خولی مەشق و راهێنانی سەربازی و هزری داعشیشیان کردووە ئەمەش بەپێی ئەو زانیاریانە بووە کە بە ئیعتیراف و شاهیدی خودی راگوێزراوەکان بووە دوای ئەوەی دڵنیا دەبین لە وتەکانیان، هەروەها پێش رزگار کردنی ئەم ناوچانە ئێمە زانیاری هەواڵگری لەسەر ژمارەیەک لەو کەسانە هەبووە.
هیچ کەسێک بەبێ بڕیاری دادگا دەستگیر ناکرێت بە هیچ تۆمەتێک و گشت رێوشوێنەکانیش بە بڕیاری دادگا ئەنجام دەدرێن، هەروەها دوای دەستگیرکردنیشی مافە یاساییەکانی خۆیان هەیە بەپێی بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکان، بۆیە ڕیگری لە هیچ کەسێک ناکرێت و هەموو کەسێک کە دەستگیر دەکرێت، دوای دەستگیرکردنی تۆمەتباران و داواکراوان بەپێی یاسای بنەماکانی دادگایی کردنی سزایی (قانون اصول محاکمات الجزائیە) ژمارە (٢٣) ساڵی (١٩٧١)ی هەموارکراو مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێ و رێکارەکان بریتییە لە سەلماندنی کەسایەتی داواکراو و گومان لێکراو و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەکی بنەرەتی، دوای گەیشتن بە راستی داوایەکە، تۆمەتبارەکە وەک مافێکی خۆی بۆی هەیە پارێزەرێک ئامادە بکات، بەڵام ئەگەر نەیتوانی ئەوا لەسەر دادگا پێویستە پارێزەری بۆ دابین بکات و ئاگاداری کەسوکاری دەکرێتەوە کە ناوبراو گیراوە ، دواتر کەیسەکە رەوانەی دادگای تایبەتمەند دەکرێت بۆ یەکلایی کردنەوەی بەپێی یاسا.
لە کاتی دەستگیرکردنی هەر گومانلێکراوێک ئەگەر تەمەنی یاسایی تەواوکردبێ یان لە خوارووی تەمەنی یاساییەوە بێت، ماوەی ٢٤ی کاتژمێر پێویستە بۆ ئەوەی پەڕاوی تایبەت بە لێکۆڵینەوەکە بنێردرێتە یەکێک لە داداگا تایبەتمەندەکان و بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت، ئەگەر سەیری ئاوارەكانی هەرێم بكەن ئەوا لە هەموو رەگەز و نەتەوە و ئایین و پێكهاتەكانن، بەڵام پاراستنی هاووڵاتیانی هەرێم لە كارە هەرە لە پێشینەكانە بە ئاوارە و پەنابەرانیشەوە، هەموو ئەوانەی دەستگیر دەكرێن لەسەر بنەمای زانیاری و بەڵگەیە و هیچ كەسێك بەبی بەڵگە و زانیاری دروست دەستگیر نەكراوە.
بەپێی یاسا ئەشکەنجەدانی تۆمەتبار و سزادراوان بەشێوەیەکی گشتی بۆ وەرگرتنی ئیعتراف و زانیاری بە تاوان دادەنرێت بە هیچ شێوەیەک رێگا نادرێت کە ئەفسەر و کارمەندانی پۆلیس راگیراوان ئەشکەنجە بدەن بەپێی ماددەی (333) لە یاساى سزادانى عێراقى ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ی هەموارکراو و هەر تۆمەتبارێک لەکاتى لێکۆڵینەوە ئەشکەنجە درابێت لەرووی یاساییەوە مافى هەیە سکاڵا تۆمار بکات دژى ئەو کەسەى ئەشکەنجەى داوە ئەمەش پاڵپشت بە ماددەى (19 / سێیەم)ی دەستوورى عێراقى فیدڕاڵ، بەڵام هەندێک جار گومانلێکراو یاخود تاوانبار کاتێک رادەگیرێت لە ناو بەندیخانە هان دەدرێت بۆ ئەوەی دەزگاکانى پۆلیس وا نیشان بدات کە ئەشکەنجەیان داوە.
هەر کەسێک لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستگیر بکرێت بۆ ماوەی (٢٤) کاتژمێر دەمێنێتەوە بۆ لێکۆڵینەوە دواتر بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و دەنێردرێن بۆ دادگای تایبەت بۆ یەکلاکردنەوەی کەیسەکانیان، بەڵام زۆر جار بە هۆی زۆری ژمارەی راگوێزراوان ئەوا رێکارە یاساییەکان کاتێکی زۆر دەخایەنێت بۆ یەکلاکردنەوەی کەیسەکان، هەروەها جگە لە زۆری ژمارەی راگوێزراوان کەمی ژمارەی کارمەندی پێویست هۆکارێکی دیکەیە بۆ ئەوەی راگوێزراوان کاتێکی زیاتر لە شوێنی دەستگیر کردنی بمینێنەوە، ئەمەش بەهۆی قەیرانی ئابووری هەرێمی کوردستانەوە.
سەبارەت بەو کەسانەی کە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ کەمترە و روویان لە هەرێمی کوردستان و گومانیان لێدەکرێت پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت، ئەوا وەک قوربانی دەستی داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت نەک تاوانبار و گرنگییەکی تایبەتییان پێدەدرێت ئەم پرۆسەیەش بە هەماهەنگی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێکخراوە ناحکومییە بیانییەکان ئەنجام دەدرێت، لایەنە ئەمنییەکان پابەندن کە زانیاری بدەنە خانەوادەی ئەو کەسانەی دەستگیر دەکرێن کە پرۆسەی دەستگیرکردنیان لە خۆدەگرێت، هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم بەپێی رێوشوێنی تایبەت رێگا بە رێکخراوەکان داوە کە سەردانی بنکەکانی دەستگیر کردن و بەندیخانەکان بکەن و لە نزیکەوە چاویان بە راگیراوان و سزادراوان بکەوێت.
سەبارەت بە چەکدارکردنى منداڵان و پەیوەندیکردنیان بە ریزەکانى تیرۆریستانەوە حکومەتی هەرێم هەوڵ دەدات بۆ دووبارە شیاندنەوە و گێڕانەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگا لە رێگاى بنکە تایبەتەکان و پڕۆگرامى تایبەتەوە بە هەماهەنگى لەگەڵ رێکخراوە خێرخوازیەکان و دام و دەزگا تایبەتەکان بە پاراستنى منداڵ، هەروەها ئەو منداڵانەى کە دایک و باوکیان دەستگیرکراوە یان گومان لێکراون بە پەیوەندیکردنیان بە تیرۆریستانەوە، بەشێوەیەکى ئاسایى و لە روانگەیەکى مرۆییەوە لایەنە پەیوەندارەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن وەک گشت منداڵى ڕاگوێزراوەکان بە رەچاوکردنى بارودۆخى تایبەتیان.
دەزگا پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەر کردنی کەیسی ئەو منداڵانە و ئەو کەیسانەی یەکلاکراونەتەوە چ بە ئازادکردن یا سزاى زیندانیکردنیان وەرگرتبێت بەپێى ماددەى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر بۆ ساڵى 2016 چواردە کەسن، ئەو سزایانەش لە نێوان یەک ساڵ بۆ پێنج ساڵ دەبێت و هەشت کەسیش ئازادکراون ، (١٠) کەیسیش کە یەکلانەکراونەتەوە بەپێى ماددەى بەرەنگار بوونەوەى تیرۆر لە ساڵى 2016.
هەر منداڵیك بە هەر هۆكارێك بەبێ دایك و باوك بێتە هەرێمی كوردستان وەكو پێشووتر ئەو حاڵەتانە زۆر بووە، بەڵام زۆر بەباشی لەلایەن بەڕێوەبەرانی كەمپەكان و ڕێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانەوە مامەڵەیان لەگەڵ كراوە و هەوڵدراوە ئەو منداڵانە سوودمەند بكرێن لە سیستەمەكانی فێركردنی خوێندن و پاراستنی كۆمەڵایەتی و فێركردنی كاری دەستی. لە كاتی هاتنی ئاوارەی تازە بەهەمان شێوە پێشوازی و مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت. مامەڵەی بەتایبەتی منداڵی بێ سەرپەرشتیار دەكرێت و شوێنی تایبەتیان بۆ تەرخان دەكرێت.
سەرەڕای ئەوەی هاتنی نزیکەی دو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە ساڵانی رابردوو بارگرانییەکی زۆری لەسەر گشت سێکتەرەکانی حکومەتی هەرێم درووست کرد، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی بەردەوامدا بوون بۆ پێشوازی کردن و دابینکردنی خۆراک و شوێنی نیشتەجێ کردنی پێویست بۆیان بە هاوکاری لایەنە نێودەوڵەتییەکان، لە هەمان کاتدا دەزگا ئەمنییەکان ئەرکی پاراستنی کەمپ و شوێنی نیشتەجێبوونی کەمپەکان و شار و شارۆچکەکانی کوردستان گرتۆتە ئەستۆ، لە هەمان کاتدا لە هەوڵی بەردەوامدا بوو بۆ پاراستنی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ بەتایبەتی لەگەڵ دەستگیرکراوان و ئەوانەی بە تۆمەتی تیرۆر تێوەگلاون.
لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان


29/1/2017













خليل بله يى
Top