لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان وەڵامی هیومان ڕایتس ووۆچ دەداتەوە

 لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان وەڵامی هیومان ڕایتس ووۆچ دەداتەوە
لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان، سەبارەت بە دواڕاپۆرتی رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند، هیچ كەسێك بە هیچ تۆمەتێك، بە بێ بڕیاری دادگا دەستگیر نەكراوە.

رۆژی 29/1/2017 رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ راپۆرتێكی بە ناوی ( هەرێمی كوردستانی عێراق: چەند منداڵێك ئیدیعای ئەشكەنجەدانیان دەكەن لەسەر دەستی هێزە ئەمنییەكان) و تێیدا باسی ئەوە دەكات كە چاوپێكەوتنیان لەگەڵ ژمارەیەك منداڵ ئەنجام داوە كە تەمەنیان لە نێوان ١١ و ١٧ ساڵدایە و لە كۆی (١٨٣) منداڵ كە لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستگیر كراون بە تۆمەتی پەیوەندییان بە داعشەوە و بەشێوازی جۆراوجۆر ئەشكەنجە دراون و بەشێكیان پارێزەریشیان نەبووە، هەروەها رێگرییان لێ دەكرێ پەیوەندی بە كەسوكاریانەوە بكەن.

لە كاتی هاتنی ئاوارە و راگوێزراوەكان لە سەنتەرەكانی پێشوازیكردن لە ئاوارەكان دەزگا ئەمنییەكان لێكۆڵێنەوە لە ناوەكانیان دەكەن و زانیاریان لەسەر وەردەگرن، ئەو كەسانەی كە گومانیان لەسەرە یان داوا كراون، رەوانەی ئاسایش و دادگا دەكرێن بۆ ئەنجامدانی رێوشوێنی پێویست بەرامبەریان و تا ئێستا زیاتر لە (2000) كەس لە رێگای سەنتەرەوە دەستگیر كراون لەوانە (1500) بە بەڵگەوەی تەواوە دەرچووە كە ئەندامی داعش بوون هەیانە دوو ساڵ لە ریزەكانی داعش بوون، تەنانەت قەنناسبەدەستی داعش بوون و بەشداریی خولی مەشق و راهێنانی سەربازی و هزری داعشیشیان كردووە ئەمەش بەپێی ئەو زانیاریانە بووە كە بە ئیعتیراف و شاهیدی خودی راگوێزراوەكان بووە دوای ئەوەی دڵنیا دەبین لە گوتەكانیان، هەروەها پێش رزگاركردنی ئەم ناوچانە ئێمە زانیاریی هەواڵگریمان لەسەر ژمارەیەك لەو كەسانە هەبووە.

هیچ كەسێك بە بێ بڕیاری دادگا دەستگیر ناكرێت بە هیچ تۆمەتێك و گشت رێوشوێنەكانیش بە بڕیاری دادگا ئەنجام دەدرێن، هەروەها دوای دەستگیركردنیشی مافە یاساییەكانی خۆیان هەیە بەپێی بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەكان، بۆیە ڕیگری لە هیچ كەسێك ناكرێت و هەموو كەسێك كە دەستگیر دەكرێت، دوای دەستگیركردنی تۆمەتباران و داواكراوان بەپێی یاسای بنەماكانی دادگاییكردنی سزایی ژمارە (٢٣) ساڵی (١٩٧١)ـی هەمواركراو مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێ و رێكارەكان بریتییە لە سەلماندنی كەسایەتی داواكراو و گومان لێكراو و دەستپێكردنی لێكۆڵینەوەیەكی بنەرەتی، دوای گەیشتن بە راستی داوایەكە، تۆمەتبارەكە وەك مافێكی خۆی بۆی هەیە پارێزەرێك ئامادە بكات، بەڵام ئەگەر نەیتوانی ئەوا لەسەر دادگا پێویستە پارێزەری بۆ دابین بكات و ئاگاداری كەسوكاری دەكرێتەوە كە ناوبراو گیراوە ، دواتر كەیسەكە رەوانەی دادگای تایبەتمەند دەكرێت بۆ یەكلایی كردنەوەی بەپێی یاسا.

لە كاتی دەستگیركردنی هەر گومانلێكراوێك ئەگەر تەمەنی یاسایی تەواو كردبێ یان لە خوارووی تەمەنی یاساییەوە بێت، ماوەی ٢٤ كاتژمێری پێویستە بۆ ئەوەی پەڕاوی تایبەت بە لێكۆڵینەوەكە بنێردرێتە یەكێك لە داداگا تایبەتمەندەكان و بڕیاری كۆتایی لەسەر بدرێت، ئەگەر سەیری ئاوارەكانی هەرێم بكەن ئەوا لە هەموو رەگەز و نەتەوە و ئایین و پێكهاتەكانن، بەڵام پاراستنی هاووڵاتیانی هەرێم لە كارە هەرە لە پێشینەكانە بە ئاوارە و پەنابەرانیشەوە، هەموو ئەوانەی دەستگیر دەكرێن لەسەر بنەمای زانیاری و بەڵگەیە و هیچ كەسێك بە بێ بەڵگە و زانیاری دروست دەستگیر نەكراوە.

بەپێی یاسا، ئەشكەنجەدانی تۆمەتبار و سزادراوان بە شێوەیەكی گشتی بۆ وەرگرتنی ئیعتراف و زانیاری بە تاوان دادەنرێت بە هیچ شێوەیەك رێگا نادرێت كە ئەفسەر و كارمەندانی پۆلیس راگیراوان ئەشكەنجە بدەن بەپێی ماددەی (333) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ـی هەمواركراو و هەر تۆمەتبارێك لە كاتی لێكۆڵینەوە ئەشكەنجە درابێت لە رووی یاساییەوە مافی هەیە سكاڵا تۆمار بكات دژی ئەو كەسەی ئەشكەنجەی داوە ئەمەش پاڵپشت بە ماددەی (19 / سێیەم)ی دەستووری عێراقی فیدڕاڵ، بەڵام هەندێك جار گومانلێكراو یاخود تاوانبار كاتێك رادەگیرێت لە ناو بەندیخانە هان دەدرێت بۆ ئەوەی دەزگاكانی پۆلیس وا نیشان بدات كە ئەشكەنجەیان داوە.

هەر كەسێك لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە دەستگیر بكرێت بۆ ماوەی (٢٤) كاتژمێر دەمێنێتەوە بۆ لێكۆڵینەوە دواتر بەپێی ئەنجامی لێكۆڵینەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت و دەنێردرێن بۆ دادگای تایبەت بۆ یەكلاكردنەوەی كەیسەكانیان، بەڵام زۆر جار بە هۆی زۆری ژمارەی راگوێزراوان ئەوا رێكارە یاساییەكان كاتێكی زۆر دەخایەنێت بۆ یەكلاكردنەوەی كەیسەكان، هەروەها جگە لە زۆری ژمارەی راگوێزراوان كەمی ژمارەی كارمەندی پێویست هۆكارێكی دیكەیە بۆ ئەوەی راگوێزراوان كاتێكی زیاتر لە شوێنی دەستگیر كردن بمینێنەوە، ئەمەیش بە هۆی قەیرانی ئابووریی هەرێمی كوردستانەوە.

سەبارەت بەو كەسانەی كە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ كەمترە و روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و گومانیان لێ دەكرێت پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت، ئەوا وەك قوربانیی دەستی داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت نەك تاوانبار و گرنگییەكی تایبەتییان پێ دەدرێت ئەم پرۆسەیەیش بە هەماهەنگی لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و رێكخراوە ناحكوومییە بیانییەكان ئەنجام دەدرێت، لایەنە ئەمنییەكان پابەندن كە زانیاری بدەنە خانەوادەی ئەو كەسانەی دەستگیر دەكرێن كە پرۆسەی دەستگیركردنیان لە خۆدەگرێت، هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم بەپێی رێوشوێنی تایبەت رێگا بە رێكخراوەكان داوە كە سەردانی بنكەكانی دەستگیر كردن و بەندیخانەكان بكەن و لە نزیكەوە چاویان بە راگیراوان و سزادراوان بكەوێت.

سەبارەت بە چەكداركردنی منداڵان و پەیوەندیكردنیان بە ریزەكانی تیرۆریستانەوە حكوومەتی هەرێم هەوڵ دەدات بۆ دووبارە شیاندنەوە و گێڕانەوەیان بۆ ناو كۆمەڵگا لە رێگای بنكە تایبەتەكان و پڕۆگرامی تایبەتەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوە خێرخوازییەكان و دام و دەزگا تایبەتەكان بە پاراستنی منداڵ، هەروەها ئەو منداڵانەی كە دایك و باوكیان دەستگیر كراوە یان گومانلێكراون بە پەیوەندیكردنیان بە تیرۆریستانەوە، بە شێوەیەكی ئاسایی و لە روانگەیەكی مرۆییەوە لایەنە پەیوەندارەكان مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن وەك گشت منداڵی ڕاگوێزراوەكان بە رەچاوكردنی بارودۆخی تایبەتیان.

دەزگا پەیوەندیدارەكان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەكردنی كەیسی ئەو منداڵانە و ئەو كەیسانەی یەكلاكراونەتەوە چ بە ئازادكردن یا سزای زیندانیكردنیان وەرگرتبێت بەپێی ماددەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ ساڵی 2016 چواردە كەسن، ئەو سزایانەیش لە نێوان یەك ساڵ بۆ پێنج ساڵ دەبێت و هەشت كەسیش ئازاد كراون ، (١٠) كەیسیش كە یەكلانەكراونەتەوە بەپێی ماددەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ساڵی 2016.

هەر منداڵیك بە هەر هۆكارێك بەبێ دایك و باوك بێتە هەرێمی كوردستان وەكو پێشووتر ئەو حاڵەتانە زۆر بووە، بەڵام زۆر بەباشی لەلایەن بەڕێوەبەرانی كەمپەكان و ڕێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانەوە مامەڵەیان لەگەڵ كراوە و هەوڵ دراوە ئەو منداڵانە سوودمەند بكرێن لە سیستەمەكانی فێركردنی خوێندن و پاراستنی كۆمەڵایەتی و فێركردنی كاری دەستی. لە كاتی هاتنی ئاوارەی تازە بە هەمان شێوە پێشوازی و مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، بە تایبەتی منداڵی بێ سەرپەرشتیار كە شوێنی تایبەتیان بۆ تەرخان دەكرێت.

سەرەڕای ئەوەی هاتنی نزیكەی دو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە ساڵانی رابردوو بارگرانییەكی زۆری لەسەر گشت سێكتەرەكانی حكوومەتی هەرێم درووست كرد، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامدا بوون بۆ پێشوازیكردن و دابینكردنی خۆراك و شوێنی نیشتەجێكردنی پێویست بۆیان بە هاوكاری لایەنە نێودەوڵەتییەكان، لە هەمان كاتدا دەزگا ئەمنییەكان ئەركی پاراستنی كەمپ و شوێنی نیشتەجێبوونی كەمپەكان و شار و شارۆچكەكانی كوردستان گرتۆتە ئەستۆ، لە هەمان كاتدا لە هەوڵی بەردەوامدا بوون بۆ پاراستنی پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ بەتایبەتی لەگەڵ دەستگیركراوان و ئەوانەی بە تۆمەتی تیرۆر تێوەگلاون.



لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان














KDP
Top