ئایدن مەعروف: نزیكترین و بەهێزترین پەیوەندیی توركیا لەگەڵ هەرێمی كوردستانە

ئایدن مەعروف: نزیكترین و بەهێزترین پەیوەندیی توركیا لەگەڵ هەرێمی كوردستانە
ئایدن مەعروف، ئەندامی مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانی و سەرۆكی فراكسیۆنی ئەو بەرەیە لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، توركیا لە وجودی پەكەكە لە شنگال بێدەنگ نابێت و پەكەكەش بەبێ‌ كێشە شنگال چۆڵ ناكات. ئایدن مەعروف لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی (رووداو) باسی دۆخی توركمانەكان لە هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێ‌ چەندین پۆستیان لێ‌ زەوت كراوە، هەروەها دەڵێت داوایان كردووە ژمارەی كورسییەكانی كۆتا لە 5 كورسییەوە بكرێنە 10 كورسی و لیوایەكیش بۆ توركمانەكان دروست بكرێ‌.


نێچیرڤانی بارزانی فاكتەرێكی گرنگ بوو بۆ لێكنزیككردنەوەی بەغدا و ئەنقەرە
رووداو: ئامانجی كۆبوونەوەی شاندی باڵای توركمانەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەردۆغان و یەڵدرم چی بوو؟

ئایدن مەعروف: سەردانێكی گرنگ بوو، چونكە یەكەمجارە شاندێكی باڵای هەموو لایەنە توركمانییەكان سەردانی توركیا بكەن لەگەڵ سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیرانی توركیا كۆببنەوە. نێوەڕۆكی كۆبوونەوەكە زیاتر پەیوەست بوو بە پەیوەندیی نێوان توركیا و عێراق، بەرپرسانی باڵای توركیا جەختیان لەسەر پشتیوانی و هاوكاریكردنی گەلی توركمان لە هەموو روویەك كردەوە و گوتیان كە ئامادەن لە دوای شەڕی رزگاركردنی مووسڵ و تەلعەفەر، ناوچە توركمانییەكان ئاوەدان بكەنەوە.

رووداو: تا چەند سەردانەكەی ئێوە و بەرپرسانی دیكەی هەرێمی كوردستان رۆڵی لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندی بەغدا و ئەنقەرەدا هەبوو؟

ئایدن مەعروف: ئەگەر سەیری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی توركیا بكەین، دەبینین نزیكترین و بەهێزترین پەیوەندی توركیا لەگەڵ هەرێمی كوردستانە، چ هەرێمی كوردستان چ توركمانەكان بە تایبەتی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان فاكتەرێكی گرنگ بوو بۆ لێكنزیككردنەوەی بەغدا و ئەنقەرە.

رووداو: بەشێك لە چاودێران پێیانوایە ئاراستەیەك لە بەغدا هەیە نایەوێ‌ توركیا و عێراق پەیوەندییان ئاسایی بێت، ئێوە ئەم تێڕوانینەتان لە بەرپرسانی توركیا بینی؟

ئایدن مەعروف: توركیا جەخت لەسەر بەڕێوەبردنی عێراق لەلایەن سەرجەم پێكهاتەكان دەكاتەوە، بەلایەوە گرنگە هەموو لایەنەكان لە پرۆسەی سیاسی بەشداربن، هەروەها چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ و تەلعەفەر و بوونی پەكەكە لە شنگال، مەخوور و كەركووك كێشە و گرفتی لەنێوان ئەو دوو وڵاتە دروستكردووە، ئێستا هەردوولا تێگەیشتن و رێككەوتنیان بۆ چۆنیەتی چارەسەركردنی ئەو كێشانە هەیە.

توركیا لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان زۆر مورتاحە


رووداو: پەیوەست بە پەیوەندی توركمانەكان و هەرێمی كوردستان توركیا هیچ قسەیەكی تازەی هەبوو؟

ئایدن مەعروف: ئەوان لە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان زۆر مورتاحن و پشتیوانی لە بەهێزبوونی پەیوەندی گەلی توركمان و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دەكەن، هەروەها داوایان كرد توركمانەكان لە پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان و عێراق بەشداربن، ئێمەش پشتیوانیمان بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتری پەیوەندی هەولێر و ئەنقەرە دەربڕی. ئەوەی هەستمان پێكردووە، توركیا وەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان مامەڵە لەگەڵ ئێرە دەكات نەك وەكو حیزب و پارێزگای هەولێر و دهۆك.

رووداو: وجودی توركیا لە سلێمانی لاوازە، ئێوە هەستتان بەوە نەكرد؟

ئایدن مەعروف: توركیا بە یەك پاكێج سەیری هەرێمی كوردستان دەكات، بڕوا ناكەم جیاوازی لە نێوان لایەنە سیاسییەكان بكات، پەیوەندییەكانیش زیاتر لەگەڵ هەولێرن بەو پێیەی پایتەختی هەرێمی كوردستانە. من وای دەبینم یەكێتی خۆی بەدوور دەگرێت لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا، ئەنقەرە چۆن بایەخ بە هەولێر دەدات ئەوهاش دەیەوێ‌ گرنگی بە سلێمانی بدات.

كورد لە كەركووك رێككەوتن جێبەجێ‌ ناكات


رووداو: لە كۆبوونەوەتان لەگەڵ سەرۆككۆماری توركیا، راوێژكاری میتیش بەشدار بوو، لەبارەی حەشدی شەعبی و كۆنترۆڵكردنەوەی تەلعەفەر چ بڕیارێك درا؟

ئایدن مەعروف: تەلعەفەر ناوەندێكی ستراتیژیی گرنگی گەلی توركمانە لە عێراق، ئێمە چەندینجار جەختمان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە قبوڵ ناكەین هیچ هێزێكی تائیفی و مەزهەبی لە تەلعەفەر نزیك ببێتەوە یان بەشداری شەڕی ئازادكردنی ئەو شارە بكات. ئەو هێزە چەكدارانەی دەیانەوێ‌ بێنە تەلعەفەر مەبەستی سیاسیان هەیە و زەرەر بە هاووڵاتیانی ئەم ناوچەیە دەگات و گۆڕانكاری دێمۆگرافی لەو ناوچانە روودەدەن. بۆیە لە دوایین كۆبوونەوەی سەرۆك هۆزەكانی تەلعەفەر و عەبادیدا، وا رێككەوتن كە تەنیا سوپا و پۆلیسی تەلعەفەر بەشداری ئۆپەراسیۆنەكە بكەن، بەدڵنیاییەوە توركیاش رۆڵی لەوەدا هەبوو حەشدی شەعبی لە تەلعەفەر نزیك نەبێتەوە.

یەكێتی خۆی بەدوور دەگرێت لە پەیوەندی لەگەڵ توركیا


رووداو: داخوازی توركمانەكان لەسەر ئایندەی مووسڵ چییە؟ ئێوە هیچ پرۆژەیەكتان لەگەڵ هەولێر، بەغدا و ئەنقەرە باس كردووە؟

ئایدن مەعروف: هیچ رێككەوتنێكی پێشوەختە لەسەر دیاریكردنی ئایندەی مووسڵ نەكراوە، بەڵام هەر گۆڕانكارییەكی سیاسی و كارگێڕی لە مووسڵ بكرێت ئێمە داوا دەكەین گەلی توركمان رۆڵێكی كارایان تێدا هەبێت، هەروەها تەلعەفەر بكرێتە پارێزگایەكی سەربەخۆ، لەسەر بنەمای نەتەوەیی توركمان بێت نەك مەزهەب، چونكە هەندێك لایەنی ئیقلیمی هەیە دەیەوێ‌ دابەشكردنی ناوچەكە لەسەر بنەمای تائیفی و مەزهەبی بێت، ئێمەش ئەمە قبوڵ ناكەین.

رووداو: هەر لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی مووسڵدا هەستتان بەهیچ نیەتێكی توركیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە شنگال لە دژی پەكەكە كرد؟

ئایدن مەعروف: ئێمە پەكەكە وەكو حیزب قبوڵ ناكەین، پەكەكە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی قبوڵ نەكراوە. پەكەكە لە مووسڵ دەیەوێ‌ بۆ بەرژەوەندی هەندێك دەوڵەت و لایەنی ئیقلیمی بە مەبەستی سیاسی گۆڕانكاری لە دێمۆگرافیای ئەو ناوچانەدا بكات. پەكەكە هۆكارێكە لە تێكچوونی پەیوەندیی نێوان بەغدا و ئەنقەرە، هەروەها بوونەتە كێشە بۆ هەرێمی كوردستان. ئێمە وای دەبینین مادام پێشمەرگە لە شنگال و ئەو ناوچانە هەیە و سەرجەم پێكهاتەكان دەپارێزێت، هیچ پێویست بە وجودی پەكەكە ناكات، پەكەكە هۆكارێكە بۆ ناسەقامگیریی سیاسی.


داوامان كردووە تەلعەفەر بكرێتە پارێزگایەكی سەربەخۆ
رووداو: دوای رێككەوتنی توركیا و عێراق، چارەنووسی پەكەكە لەو ناوچانە چی دەبێت؟

ئایدن مەعروف: كشانەوەی سوپای توركیا لە خاكی عێراق بەبێ‌ بەرامبەر نییە، بڕواش ناكەم پەكەكە بە ئاسانی و بەبێ‌ كێشە لە شنگال بكشێتەوە، بەڵكو دەیانەوێ‌ گرژی و ئاڵۆزی دروستبكەن، توركیاش لە بوونی پەكەكە لە شنگال بێدەنگ نابێت، ئەمەش مافێكی سرووشتیی خۆیەتی ئاسایشی خۆی بپارێزێت. بەڕاستی بوونی پەكەكە لە شنگال، مەخموور و كەركووك هەڕەشە لە پەیوەندیی هەولێر، ئەنقەرە و بەغدا دەكات. وەكو توركمان نامانەوێ‌ هیچ گرژی و ئاڵۆزییەك لەو ناوچانە دروست ببێت، بەڵكو پێویستە بە رێگای سیاسی چارەسەری ئەو پرسە بكرێت.

رووداو: هەست ناكەن بەرەی توركمانی وجودی پەكەكە لە كەركووك زیاد لە پێویست گەورە دەكات بۆ تووڕەكردنی توركیا؟

ئایدن مەعروف: بوونی پەكەكە لە كەركووك بە پێویست نازانین، پێشمەرگە لە كەركووك سەرجەم پێكهاتەكان دەپارێزێت.

رووداو: كەواتە بۆچی ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی داوای هێزی لە عەبادی كردبوو رەوانەی كەركووكی بكات؟

ئایدن مەعروف: بۆ رزگاركردنی حەویجە بوو نەك بۆ كەركووك.

رووداو: چەند جارێك داوای دروستكردنی هێزی تایبەتی توركمانیتان كردووە، مادام پێشمەرگە لە كەركووك هەموو پێكهاتەكان دەپارێزێت، هێزی سەربازیتان بۆ چییە؟

ئایدن مەعروف: بۆ توركمان گرنگە هێزی سەربازیی خۆی هەبێت پارێزگاری لە سەروماڵی توركمانەكان بكات، لە حوزەیرانی 2014 كاتێك داعش مووسڵ و ناوچە توركمانییەكانی داگیر كرد، هیچ هێزێك نەبوو بەرگرییان لێبكات.

پەكەكە لە مووسڵ بۆ بەرژەوەندی هەندێك دەوڵەت دەیەوێ‌ گۆڕانكاری لە دێمۆگرافیا بكات


رووداو: مووسڵ و كەركووك جیاوازن، لە كەركووك پێشمەرگە هەیە بۆچی پێویستتان بە هێز هەیە؟

ئایدن مەعروف: توركمان پێكهاتەیەكی رەسەنی ناوچەكەن بۆچی هێزی نەبێت؟ حەشدی شەعبی بە رێككەوتن لەگەڵ پێشمەرگە هاتوونەتە كەركووك، چ كێشەیەك هەیە ئەگەر توركمانیش هێزی هەبێت؟ ئەگەر سەیری هاتنی شاندی وڵاتانی بیانی و ئۆپەراسیۆنەكانی شەڕی داعش بكەین، لەبەرئەوەی توركمان هێزی نییە، دەبینین ئامادەبوونمان نییە، ئەوانەی هێزیان هەیە، بڕیاری سیاسیشیان هەیە، بەڵام ئەو پێكهاتەیەی هێزی نییە پشتگوێ خراوە.

رووداو: بۆچی وەكو عەرەبەكانی رەبیعە داوای دامەزراندنی هێزێك لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە ناكەن؟

ئایدن مەعروف: كردوومانە، پێش دوو ساڵ لە سەردەمی كاك مستەفای سەید قادر داوای دامەزراندنی لیوایەكمان كرد كە هەزار و 500 چەكدار لەخۆ بگرێت، بەڵام بابەتەكە پشتگوێ‌ خرا. داواشمان لە حكومەتی عێراق كرد، ئەوانیش هیچ هەنگاوێكیان نەهاوێشت.

رووداو: هەر لە كەركووك دەمێنینەوە، بۆچی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا دوودڵن؟

ئایدن مەعروف: حەویجە گەورەترین قەزای كەركووكە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی داعشدایە، ئێمە پێمانوایە دوای ئازادكردنی حەویجە ئەوكات گرنگە باسی هەڵبژاردن بكرێت، هەتا داعش لە مووسڵ، تەلعەفەر و حەویجە بێ، زەحمەتە هەڵبژاردن بكرێت، چونكە سەقامگیری سیاسی و ئەمنی نابێت و ئەگەری تەزویر زۆرە و نزیكەی ملیۆنێك ئاوارە هاتوونەتە كەركووك. جگە لەوە، لەم دۆخە زەحمەتە پێكهاتەكان بگەنە رێككەوتن.

بڕوا ناكەم پەكەكە بەبێ‌ كێشە لە شنگال بكشێتەوە


رووداو: هەر سێ‌ پێكهاتەكەی كەركووك رێككەوتنیان لە نێوانیاندا هەیە، بۆچی دووبارە پرسی رێككەوتن لە كەركووك دەورووژێننەوە؟

ئایدن مەعروف: رێككەوتنی پێكهاتەكانی كەركووك لەگەڵ نەخۆشكەوتنی مام جەلال پەكیكەوت، مام جەلال زۆر لە خەمی كەركووك و پێكهاتەكانیدا بوو. ئەو پێكەوەژیانەی ئێستای كەركووك لە سایەی مام جەلالە، بەڵام یەكێتی لە دوای مام جەلالەوە لە ئاستی پێویستدا نەبووە لە مامەڵەكردن لەگەڵ پێكهاتەكانی كەركووك.

رووداو: پێتانوایە یەكێتی كە باڵادەستە لە كەركووك، خۆی لە رێككەوتنی دابەشكردنی دەسەڵات بەشێوەی 32% لە نێوان كورد، توركمان و عەرەب، دەدزێتەوە؟

ئایدن مەعروف: بەڵێ‌ یەكێتی دەسەڵاتدارە لە كەركووك و رێككەوتنەكە جێبەجێ‌ ناكات. هیوادارین یەكێتی لە كەركووك سیاسەتی مام جەلال پەیڕەو بكات، بۆ نموونە دوو ساڵە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كە مافی توركمانە و بەرەی توركمانی كاندیدی پێشكەش كردووە، بەڵام ئەو پۆستە رادەستی توركمان ناكرێت.


داوامان كردووە ژمارەی كورسییە كۆتاكانی توركمان بكرێتە 10 كورسی
رووداو: بەڵام لایەنە كوردستانییەكان توركمان بە كەمتەرخەم دەزانن و دەڵێن لەسەر یەك كاندید رێكناكەون؟

ئایدن مەعروف: نەخێر ئێمە یەك كاندیدمان هەیە ئەویش بەڕێز عەلی مەهدییە كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانییە و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكە، بەڵام لایەنە كوردییەكان رێككەوتنەكە جێبەجێ‌ ناكەن.

رووداو: ساڵی رابردوو دوای 11 ساڵ سەرۆكی بەرەی توركمانی و سەرۆكی پارتی كۆبوونەوە، ئێوە كێشەكانتان لەگەڵ پارتی كە پێشتر هەبوون، چارەسەر كرد؟

ئایدن مەعروف: پەیوەندیمان لەگەڵ پارتی زۆر باشە، ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی پێشتر هەبوو ئێمە بە حاڵەتێكی تایبەتمان داناوە، بەڵام كۆمەڵێك كێشە كە پەیوەندییان بە ماف و ئیمتیازاتی گەلی توركمان لە هەرێمی كوردستان هەیە، ماون. لە كابینەی هەشتەم بڕیار درا دەستەیەكی تایبەت بە كاروباری توركمان بە پلەی وەزیر، راوێژكارێك لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ كاروباری توركمان و هەروەها بەڕێوەبەری خوێندنی توركمانی لە وەزارەتی پەروەردە كە 7 ساڵە ئەو پۆستە بەتاڵە، لەگەڵ پۆستی جێگری پارێزگاری هەولێر، دابنرێن. بەڵام تاوەكو ئێستا ئەو پۆستانە نەدراون بە ئێمە.

رووداو: تا چەند ئەو قسەیە راستە كە وەزیری داد لە كابینەی هەشتەم بەبێ‌ پرس و راوێژی توركمانەكان دانراوە؟

ئایدن مەعروف: مامۆستا سینان چەلەبی، وەزیری داد بە پرس و راوێژی ئێمە لەو پۆستە دانراوە و ئێمە پشتیوانیی دەكەین، بەڵام وەزارەتەكە بەبێ‌ پرسی ئێمە دیاریكرابوو، گەلی كورد و توركمان زۆر نزیكن، ئێمە بەشداریی شكڵی قبوڵ ناكەین، ئێمە لە بڕیاری سیاسی، پێشوازی و چوونی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتان بەشدار نین، بۆیە دەبێ‌ گەلی توركمان وەكو گەلێكی رەسەن و دووەم پێكهاتەی هەرێمی كوردستان تەماشا بكرێ.


داوای دامەزراندنی لیوایەكی توركمانمان لە وەزارەتی پێشمەرگە كردووە
رووداو: خەڵك و لایەنەكان پرسیاریان هەیە كێ‌ نوێنەرایەتی گەلی توركمان دەكات؟

ئایدن مەعروف: بە زۆری بەرەی توركمانی نوێنەرایەتی گەلی توركمان دەكات، ئەو لایەنە نوێنەرایەتی گەلی ئێمە دەكات كە بە ئیرادەی خۆی سیاسەت دەكات و بڕیار دەدات.

رووداو: بەڵام لە هەڵبژاردنەكان ئێوە لە كۆی 5 كورسیی كۆتای توركمانەكان، یەك كورسیتان هێناوە؟

ئایدن مەعروف: راستە، بەڵام ئێمە نیگەرانین لە دەستكاریكردنی نوێنەرانی توركمان لە هەڵبژاردنەكان، داوا دەكەین لایەنە سیاسییە كوردییەكان كۆتا لە بەرژەوەندی خۆیان بەكارنەهێنن. جگە لەوە بۆ زیاتر بەشداری گەلی توركمان لە پرۆسەی سیاسی داوامان كردووە ژمارەی كورسییەكانی كۆتای توركمان لە پەرلەمانی كوردستان بكرێتە 10 كورسی. دەبێ‌ دەستێوەردان لە دیاریكردنی پەرلەمانتاری توركمان نەمێنێ‌، ئاساییە چەند هەزار دەنگێكی گەلی كورد بۆ توركمان بێت، بەس ئاسایی نییە لە دهۆك 20 هەزار دەنگ بۆ كاندیدێكی توركمان بچێت.

رووداو: لە ئاساییكردنەوەی دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان، توركمانەكان و بەتایبەتی بەرەی توركمانی رۆڵی چی دەبێت؟

ئایدن مەعروف: ئێمە پشتیوانی لە پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین، لە كاتێكی گونجاودا بوو، بەدیلێكی دیكە نییە و پێویستە رێككەوتنێكی بەرفراوانتر لە نێوان سەرجەم لایەنەكان واژۆ بكرێت، شتێكی گرنگ هەیە، بەبێ‌ گۆڕان هیچ رێككەوتنێك سەركەوتوو نابێت، هەروەها بەبێ‌ پارتی و یەكێتیش هیچ رێككەوتنێك نابێت، چونكە ئەو سێ‌ لایەنە هێزی كاریگەر و سەرەكی هەرێمی كوردستانن.

رێككەوتنی پێكهاتەكانی كەركووك پاش نەخۆشكەوتنی مام جەلال پەكیكەوت


رووداو: لە رۆژنامەیەكی سەر بە بەرەی توركمانی، لە بڵاوكردنەوەی هەواڵی سەردانی سەرۆكوەزیرانی توركیا ناوی هەرێمی كوردستان بە شیمال عێراق هاتبوو، ئەمە هێشتا سیاسەتی ئێوەیە لە ناوبردنی هەرێمی كوردستان؟

ئایدن مەعروف: نەخێر بەدواداچوونمان بۆ ئەو پرسە كرد، دەركەوت ئەو رۆژنامەنووسە لە سەرچاوەیەكی دیكەوە هەواڵەكەی گواستبووەوە، ئەگەرنا ئێمە ناوی هەرێمی كوردستان بەكاردەهێنین و لە پرۆسەی سیاسی و پەرلەمانی كوردستان بەشدارین، دەستەواژەی باكووری عێراق بەكارناهێنین ئەو بابەتەش زیاد لە پێویست بۆ موزایەدە گەورە كرا.









رووداو
Top