له هه‌ولێر.. به ئاماده‌بوونی به‌رپرسانی حكوومه‌ت و باڵوێزو قونسوڵی وڵاتانی بیانی هه‌ردوو پرۆژه‌ی گوندی لوبنانی و قوتابخانه‌ی فه‌ره‌نسی (دانیال میتران) كرایه‌وه
له‌و پێناوه‌دا، كردنه‌وه‌ی فه‌رمی گوندی لوبنانی بۆ نیشته‌جێبوون و قوتابخانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی فه‌ره‌نسی (دانیال میتران) له شاری هه‌ولێر به یه‌كێك له‌م هه‌نگاوانه داده‌نرێت.
له مه‌راسیمێكی فه‌رمیدا، به ئاماده‌بوونی د.فوئاد حوسێن نوێنه‌ری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و د.پشتیوان سادق وه‌زیری په‌روه‌رده‌و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌و نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێره بالیۆزی فه‌ره‌نسا له عێراق و نوێنه‌رو قونسولگهرانی وڵاتانی بیانی له شاری هه‌ولێرو به‌رپرسانی حكومی و حزبی، گوندی لوبنانی بۆ نیشته‌جێبوون و قوتابخانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی فه‌ره‌نسی (دانیال میتران) كرایه‌وه، دواتریش گهڕانێكیان به نێو هۆله‌كانی خوێندن كرد كه به شێوه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بنیات نراوه.
سه‌ره‌تا له وته‌یه‌كدا، مسته‌فا حه‌ریری سه‌رمایه‌داری لوبنانی و خاوه‌نی گوندی لوبنانی، سوپاسی خۆی ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ ئه‌و ئاسانكاری و پاڵپشتییه‌ی وه‌به‌رهێنه‌ران ده‌كات، تیشكی خسته‌ر سه‌ر گرنگی ئه‌م جۆره پرۆژانه له پێناو پێشكه‌وتنی پایته‌خت. حه‌ریری باسی له‌وه‌ش كرد، كه بوونی شه‌ڕی داعش نه‌بووه هۆی وه‌ستانی كاره‌كه‌ی به‌ڵكو به‌رده‌وام بوو له كاركردن تاكو ته‌واو بوونی چونكه بڕوای ته‌واوی هه‌بوو كه داعش له كوردستان تێكده‌شكێنرێت و پێشمه‌رگه‌ش سه‌ر ده‌كه‌وێت، هه‌ر بۆیه سوپاسی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی كرد‌و درودی نارد بۆ شه‌هیدانی شه‌ڕی دژ به تیرۆر.
جێی باسه، پرۆژه‌ی گوندی لوبنانی كه ده‌كه‌وێته سه‌ر رێگای به‌حركه له شاری هه‌ولێر، به هه‌ردوو جۆری (ڤیلا و شوققه) به زیاتر له 200 ملیۆن دۆلار به‌رهه‌مهاتووه، خۆی له زیاتر له 200 شوققه ده‌بینێته‌وه، له ئێستادا نزیكه‌ی 1600 شوققه‌ی لێ فرۆشراوه، وا چاوه‌روان ده‌كرێ تا كۆتایی ئه‌مساڵ ئه‌وانی دیكه‌شی لێ نیشته‌جێ ببن، چه‌نده‌ها پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری تێدایه له‌وانه بنكه‌ی ته‌ندروستی وقوتابخانه و مۆڵ و یاریگاو هۆڵه‌ند بازار.
ئینجا بالوێزی فه‌ره‌نسا له عێراق وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد‌و خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی كه ئه‌مرۆ ده‌بینێت په‌یوه‌ندی نێوان فه‌ره‌نسا و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له باشترین ئاست دایه، به‌تایبه‌تی دوای هاتنی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا بۆ هه‌ولێرو كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی كوردستان، قوتابخانه‌ی دانیال میترانیش به‌رهه‌می ئه‌م جۆره په‌یوه‌ندیه‌یه. هیواشی خواست ئه‌م په‌یوه‌ندییه گشت بواره‌كان بگرێته‌وه.
فه‌ره‌نسا هه‌رده‌م پشتیوانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه، دانیال میترانیش یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی له‌ساڵانی نه‌وه‌ته‌كان كاتێك كوردستان تووشی نه‌هامه‌تی هات توانی پاڵپشتییه‌كی جیهانی بۆ رزگاربوونی كۆ بكاته‌وه، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد وه‌ك وه‌فایه‌ك به‌رامبه‌ر ئه‌م ئافره‌ته، به (دایكی كورد) بانگی بكه‌ن و شه‌قام و قوتابخانهیهكیشی به‌ناو بكه‌ن.
د.پشتیوان سادق وه‌زیری په‌روه‌رده له وته‌یه‌كدا باسی له گرنگی كردنه‌وه‌ی ئه‌م جۆره قوتابخانانه كرد له هه‌رێمی كوردستان و گوتی: كردنه‌وه‌ی ئه‌م جۆره قوتابخانه خزمه‌تی بواری په‌روه‌رده‌و منداڵانی كوردستان ده‌كات، هه‌روه‌ها خزمه‌تی زیاتری ئه‌و په‌یوه‌ندیانه ده‌كات كه له نێوان حكومه‌تی فه‌ره‌نساو حكومه‌تی كوردستان هه‌یه.
له ئێستادا له نێو قوتابخانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی فه‌ره‌نسی (دانیال میتران) نزیكه‌ی 190 قوتابی وانه‌ی تێدا ده‌خوێنن، زمانی سه‌ره‌كی خوێندن فه‌ره‌نسی و كوردییه، له‌گه‌ڵ خوێندنی هه‌ردوو زمانی عه‌ره‌بی و ئینگلیزی، نرخی خوێندن له‌م قوتابخانه‌یه له 4000 دۆلاره‌وه ده‌ست پێده‌كات.
دواتر نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێر به‌هه‌ردوو زمانی كوردی و عه‌ره‌بی وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد‌و سوپاسی ئاماده‌بووانی كرد‌و پیرۆزبایی خۆی پێشكه‌شی مسته‌فا حه‌ریری كرد، كه سه‌ره‌رای ئه‌و قه‌یرانانه‌ی كوردستان تێیدهپهڕی، به‌ڵام نه‌یهێشت كاره‌كه‌ی رابگیرێت و سه‌ركه‌وتووانه ته‌واوی كرد‌و نموونه‌یه‌كی جوانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی پێشكه‌شی به هه‌ولێری پایته‌خت كرد.
نه‌وزاد هادی یاده‌وه‌رییه‌كی بۆ ئاماده‌بووان گێڕایه‌وه‌و گوتی: له مانگی ئابی ساڵی 2014 كاتێك داعش له هه‌ولێر نزیكبۆوه، به پێچه‌وانه‌وه‌ی زۆر له به‌رهه‌مهێنه‌رانی دیكه‌ی بیانیی كه كوردستانیان به‌جێهێشت، ئه‌و هاته لام له باڵه‌خانه‌ی پارێزگا‌و گوتی من پرۆژه‌كه‌م به‌رده‌وامی پێ ده‌ده‌م و ته‌واوی ده‌كه‌م، هه‌ر ئه‌و رۆژه ده‌یان ملیۆن دۆلاری بۆ پرۆژه‌كه ته‌حویل كرد‌و ماڵ و خانه‌واده‌كه‌شی به یه‌كجاری هێنایه شاری هه‌ولێر، ئه‌وه‌ش جێگای ههڵوهستهیهو له‌بیری ناكه‌ین.
پرۆژه‌ی قوتابخانه‌ی فه‌ره‌نسی (دانیال میتران)
گزاڤیێ لاڤیێ ڤیل به‌رێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی فه‌ره‌نسی له لێدوانێكی تایبه‌ت گوتی: قوتابخانه‌كه‌مان ساڵی 2009 له هه‌ولێر دامه‌زرا، پێشتر به‌شێوه‌یه‌كی كاتی له قوتابخانه‌یه‌كی بچووك بووین، له ئێستادا باڵه‌خانه‌یه‌كی جوان و نوێی ده‌كرێته‌وه، به‌پێی رێككه‌وتنێكی په‌روه‌رده‌یی نێوان حكوومه‌تی فه‌ره‌نسا و حكوومه‌تی كوردستان، مامۆستاكان فه‌ره‌نسین، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ش مامۆستای كوردیمان بۆ دابین ده‌كات.
گزاڤێی گوتیشی: له‌ئێستادا نزیكه‌ی 190 قوتابی له قوتابخانه‌كه‌مان هه‌ن و له 17 نه‌ته‌وه‌ی جیاواز لای ئێمه ده‌خوێنن. ئه‌مساڵیش 60%ی قوتابیه‌كانمان كوردن و كرێی خوێندنیش له 4000 دۆلاره‌وه ده‌ست پێده‌كات.
خلیل بله یی
