هاشم سیتەیی: تۆپخانەكانی پێشمەرگە وەڵامی تۆپەكانی حەشدی شەعبی دایەوە و بێدەنگی كردن

هاشم سیتەیی: تۆپخانەكانی پێشمەرگە وەڵامی تۆپەكانی حەشدی شەعبی دایەوە و بێدەنگی كردن
- فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە میحوەری شنگال ڕایگەیاند: "حەشدی شەعبی بە فەرمی داوای لێبووردنی لە هێزەكانی پێشمەرگە كردووە و هۆشداریی توندیشمان داوەتە هێزەكانی حەشدی شەعبی بەوەی كە لە دووبارەبوونەوەی تۆپبارانی سەنگەرەكانی پێشمەرگە، وەڵامی توندمان دەبێت و پێرێ شەویش تۆپخانەكانی پێشمەرگە وەڵامی تۆپبارانەكەی حەشدی داوەتەوە و بێدەنگی كردوون".


عەمید (هاشم سیتەیی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوای ئەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی تۆپبارانی سەنگەرەكانی پێشمەرگەیان كرد، ئێمە وەك هێزەكانی پێشمەرگە هۆشداریی توندمان داوەتە حەشدی شەعبی و ئەوانیش دیارە دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە و داوای لێبووردنیان لە هێزەكانی پێشمەرگە كردووە، گوایە تۆپبارانەكە بە هەڵە بووە، ئێمەیش نامانەوێ كێشە دروست ببێت لە نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبیدا، هیچ نەبێت ئەمڕۆ پێكەوە لە سەنگەرێكداین دژی تیرۆریستانی داعش".


فەرماندەكەی پێشمەرگە ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد: "چەندین جار ئەوانە ناوە ناوە تۆپەكانیان بەرەو سەنگەرەكانی پێشمەرگە دەتەقاند، ئێمەیش ئەوەمان قبووڵ نەكرد و تۆپخانەكانی پێشمەرگە وەڵامی تۆپەكانی حەشدی شەعبی دایەوە و بێدەنگی كردن، دوای ئەوەیش بێدەنگ بوونە و هیچ تۆپێكی دیكەیان ئاودیوی سەنگەرەكانی پێشمەرگە نەكردووە، هەر كاتێك ئەوان تۆپبارانی پێشمەرگە بكەن، ئێمەیش بە توندی وەڵامیان دەدەینەوە".


(سیتەیی) گوتیشی: "ئێستا رەوشی سەنگەرەكانی پێشمەرگە باشە و چەكدارانی داعش بەردەوام لە شكستدان و هیچ جووڵەیەكی ئەوتۆیان نەماوە، تەنیا ئەو خرووقاتەی حەشدی شەعبی هەیە، ئەویش كۆتایی پێ دێت و لەسەر ئاستی باڵای وەزارەت دانوستان لەگەڵ حەشدی شەعبی دەكرێت لەبارەی رووداوەكەوە و، لە كاتی دووبارەبوونەوەیشدا هەڵوێست و وەڵامی توندمان دەبێت".
kdp-
Top