فه‌رمانده كوردەکەی حه‌شدى شه‌عبی: هێنانى PKK بۆ شنگال ده‌ستێوردانێكى نێوده‌وڵه‌تییه
ئێستا ڕه‌وشی كورده فه‌یلییه‌كانى به‌غدا چۆنه؟
لیوا عه‌دنان: من دژی وشه‌ى (فه‌یلی)م، چونكه پێم وایه ئه‌و وشه‌یه دوژمنى كورد دروستى كردووه، ئێمه كوردین، به‌ڵام ته‌نیا شێوه‌زارمان له‌گه‌ڵ شێوه‌زاره‌كانى دیكه‌ى كوردیدا جیاوازى هه‌یه، ئێمه‌ش خاوه‌ن خاك و ئاو و شارین و كاتی خۆی به‌هۆی سیاسه‌تى ته‌عریبه‌وه له ناوچه‌ى مه‌نده‌لی ئاواره‌ى به‌غدا بووین، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت بایه‌خ به مه‌نده‌لی و به‌دره و ناوچه كوردستانییه‌كانى تر نادرێت، بۆیه وشه‌ى فه‌یلی كه ده‌درێته باڵ كوردانى ئه‌و ناوچانه‌ی شیعه‌یه، ئه‌و كه‌سانه‌ى ئه‌و وشه‌یه‌ش ده‌ده‌نه پاڵمان بۆ جیاوازى دروستكردنه و له مه‌نده‌لی یه‌كه‌م باره‌گاى كوردى شۆڕشگێری له ساڵی 1961 دامه‌زراوه و ئه‌و كاته سه‌یدا ساڵح یوسفی بۆ ماوه‌یه‌ك ڕابه‌رایه‌تیى ده‌كرد، خاوه‌نى سه‌دان شه‌هیدین، ئێستاش دۆخى كورده‌كان له به‌غدا زۆر باش نییه و ته‌نانه‌ت فه‌رامۆش كراون له سه‌رده‌مى به‌عس و ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، له‌ڕووى دامه‌زراندن و پله‌وپایه له‌ناو حكوومه‌تدا له دواى ساڵی 2003شه‌وه نوێنه‌رانى كورد له به‌غدا نه‌یانتوانى كورده‌كانى به‌غدا له ده‌ورى خۆیان كۆ بكه‌نه‌وه و پێشتر وه‌كو سه‌رۆكى هۆزى قه‌ره‌لوس دیوه‌خانمان هه‌بوو هه‌ر كێشه‌یه‌ك ڕووبه‌ڕووى كورد بكرایه‌ته‌وه له ڕووى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه چاره‌سه‌رم ده‌كرد، ئێستاش بۆ پاراستنی كورده‌كان لیوایه‌كى سه‌ر به حه‌شدى شه‌عبیم دامه‌زراندن، به ناوى ئه‌نسارولحوسێن، به‌ڵام لیواكه‌ى ئێمه سه‌ر به هیچ گرووپ و تاقمێكى دیكه‌ى ناو حه‌شدى شه‌عبی نییه و ئێمه هێزێكى سه‌ربه‌خۆین، له چوارچێوه‌ى حه‌شدى شه‌عبی، بۆ پاراستنی كورده‌كانى به‌غدا و باشوورى عێراق و حزبه كوردستانییه‌كان له به‌غداش ئاگه‌دارى كاره‌كانى منن كه چی ده‌كه‌م و ئێمه هیچ جیاوازییه‌ك ناكه‌ین، له‌نێوان كوردێكى شیعه و كوردێكى سوننه، یان كوردێكی ئێزدى، یاخود شه‌به‌ك، چونكه كورد هه‌ر كورده.
ئه‌ى دۆخى كورده‌كانى باشوورى عێراق چۆنه؟
لیوا عه‌دنان: به‌هۆی سیاسه‌تى ته‌عریبه‌وه به‌شێكى زۆر له كورده‌كانى مه‌نده‌لی و ده‌وروبه‌رى ته‌نانه‌ت خانه‌قینیش ئاواره‌ى خوارووى عێراق بوون له ساڵانى شه‌سته‌كان و حه‌فتاكانى سه‌رده ڕابردوو، كورده‌كانى مه‌نده‌لی و به‌دره و خانه‌قین ئه‌نفال كران پێش سه‌رده‌مى سه‌دام حوسێن، له سه‌رده‌مى ئەحمەد حه‌سه‌ن به‌كری سه‌رۆكى پێشوتری عێراقدا، ناوچه‌كانى ئێمه‌ى داگیر كرد ته‌نیا له به‌رئه‌وه‌ى كوردین و خه‌ڵكه‌كه‌ى ڕاگواست بۆ سه‌ماوه و ناسڕییه و حله و شوێنه‌كانى تر، ناوچه‌كه‌شمان و ئه‌رزه‌كانمان داگیر كرا و ئێستاش ده‌ڕۆین بۆ لای لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان له به‌غدا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌رزه‌كانمان كه كاتى خۆی داگیر كراوه، كه‌چی هه‌وڵه‌كانمان وه‌ڵامی ئه‌رێنییان نییه، له كاتێكدا یه‌كه‌مین ئه‌نفالی كورد دژ به ئێمه كراوه و ئێستاش دۆخى كورده‌كانى باشوورى عێراق له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه خراپە.
به‌دیاریكراوى هێزه‌كه‌ت له چ شوێنێكدا چالاکە؟
لیوا عه‌دنان: ئێمه له شارى به‌غدادا هەین و پێشتریش له شه‌ڕی دژ به داعش له ناوچه جیاجیاكانى عێراق به‌شداریمان كردووه و من وه‌كو فه‌رمانده‌ى لیواكه خۆم به كوردێكى دڵسۆز ده‌زانم و زۆربه‌ى پێكهاته‌ى لیواكه‌شم كوردن و هه‌رگیز جاشایه‌تیم نه‌كردووه و له‌گه‌ڵ جه‌نابی کاک مەسعود بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، چوار جار دانیشتووم بۆ تاوتوێكردنى بارودۆخى كورده‌كانى به‌غدا و پۆسته‌كه‌شم به هه‌وڵ و ماندوبونى خۆم وه‌رگرتووه، من پیاوى كه‌س نیم و ته‌نانه‌ت جگه له‌وه‌ى له سه‌رده‌مى پێشمه‌رگایه‌تیدا له هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى ڕابردوو چه‌ند جارێك بۆ نه‌خۆشی سه‌ردانى ئێرانم كردووه، ئیتر ئێرانم نه‌بینیوه.
هه‌ست ناكه‌ى حه‌شدى شه‌عبی، دژ به كورد كار ده‌كات، به تایبه‌ت له ناوچه‌ى خورماتوو؟
لیوا عه‌دنان: حه‌شدى شه‌عبی له كۆمه‌ڵێك گرووپ پێكدێت، ڕه‌نگه له‌نێو هه‌ندێك له‌و گرووپانه‌دا خه‌ڵكى خراپیش هه‌بێت، وه‌ك چۆن له‌ناو هه‌موو هێزێكدا خه‌ڵكانى باش و خراپ هه‌ن، به‌ڵام من هێزه‌كه‌م ته‌نیا له‌پێناو پاراستنی خۆمان دروست كردووه، چونكه كورده‌كان له به‌غدا كه‌س نییه بیانپارێزێت، بۆیه ناچارین خۆمان خۆمان بپارێزین و خۆشمان فه‌رمان بۆ خۆمان ده‌رده‌كه‌ین و هه‌ر كاتێك ئاڵای كوردستان‌م هێنایه خواره‌وه بڵێن تۆ كورد نیت و جاشیت.
بۆچی به‌شی هه‌ره زۆری كورده‌كانى به‌غدا و باشوورى عێراق زمانى زگماكى خۆیان له‌بیر چووه‌ته‌وه و به عه‌ره‌بی قسه ده‌كه‌ن؟
لیوا عه‌دنان: هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه‌ش به هۆی ئه‌وه‌وە بووه كاتى خۆى كه ئاواره‌ى به‌غدا كراین ئیدى منداڵه‌كانمان به عه‌ره‌بی ده‌یانخوێند و ئیتر تێكه‌ڵی عه‌ره‌ب بوین، بۆیه كاریگه‌ریى خسته سه‌ر زمان، كه‌سه به‌ته‌مه‌نه‌كانمان به كوردى قسه ده‌كه‌ن، به‌ڵام منداڵه‌كانیان كه‌متر، هه‌رچه‌نده ئێسته هه‌وڵ هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى زمانى كوردى خۆمان زیاتر بڵاو بكه‌ینه‌وه و منداڵه‌كانمان فێر بكه‌ین كه ئێمه كوردین و پێویسته به كوردى قسه بكه‌ین.
ڕات چییه به‌رامبه‌ر بوونى گه‌ریلاكانى په‌كه‌كه له شنگال و چیای شنگال؟
لیوا عه‌دنان: ئه‌وه‌ى كه په‌كه‌كه‌ى هێنا بۆ شنگال و ئێستاش له شنگالدا ماون، ده‌ستێوردانێكى نێوده‌وڵه‌تییه، ئیدی ناوچه‌یه‌كى كاره‌ساتبارى وه‌ك شه‌نگالیش كه داعش داگیری كرد و گه‌وره‌ترین تاوانكاریى دژ به خه‌ڵكه‌كه‌ى ئه‌نجام دا، حه‌قه ئێستا هه‌وڵی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى بدرێت.
ئه‌ى پێكهێنانی لیوایه‌كى سه‌ر به حه‌شدى شه‌عبی له خورماتوو به كوێ گه‌یشت؟
لیوا عه‌دنان: به‌ڵێ ئێستا هه‌وڵی پێكهێنانی لیوایه‌كى سه‌ر به حه‌شدى شه‌عبی ده‌درێت، له خورماتوو و زۆینه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه ناوى خۆیان تۆمار كردووه بۆ بوون به چه‌كداری حه‌شدى شه‌عبی له نه‌ته‌وه‌ى كوردن، به فه‌رمانده‌یی كه‌سێكى چه‌مچه‌ماڵی، به شێوه‌یه‌كى ئاسایی ئه‌و كاره ده‌كرێت، به تایبه‌ت دواى په‌سه‌ندكردنى یاسای حه‌شدى شه‌عبی، له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق.
باسنيوز
