پرۆژەی دەستووری پێشنیارکراوی رووسیا؛ خودموختاری بۆ کوردەکان و یەکپارچەیی خاکی سووریا

پرۆژەی دەستووری پێشنیارکراوی رووسیا؛ خودموختاری بۆ کوردەکان و یەکپارچەیی خاکی سووریا
رووسیا رەشنووسێکی بۆ دەستووری سووریا پێشنیار کردووه که تێیدا جگه له لێکردنەوەی وشەی "عەرەبی" له ناوی سووریا، خودموختاریی کلتووریشی بۆ کوردەکان لەبەرچاو گرتووه.



بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی "سپۆتنیک"، ئەم رەشنووسه به شێوەیەکی بەرچاو دەسەڵاتی سەرۆک کۆماری کەم کردۆتەوه و داویەته پەرلەمان.



ئەم رەشنووسه لەلایەن شاندی رووسیی ئامادەبوو له ئاستانه خراوەتەڕوو. رووسیا پێشتر رایگەیاندبوو، دوای راوێژ لەگەڵ لایەنەکانی سووریا و وڵاتانی ناوچەکه، خەریکی ئاماده کردنی رەشنووسی دەستوورن.



بەپێی رەشنووسی دەستووره پێشنیارکراوەکەی رووسیا، وشەی "عەرەبی" له ناوی "کۆماری عەرەبیی سووریا" دەکرێتەوه و بۆ دان‌نان به جیاوازیی فەرهەنگیی ئەم وڵاته، ناوی "کۆماری سووریا' بەکارهاتووه. هەروها هەموو هێماکانی عەرەبی بوونی سووریا لادەبردرێت، هەروەها مەرجی موسڵمان بوون بۆ سەرۆک کۆماریش هەڵدەگیرێت.



بەپێی رەشنووسەکه، سنوورەکانی سووریا تەنیا له رێگەی راپرسیی گشتی گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. له بەندی٢ی مادەی٩ی رەشنووسەکه هاتووه: "سەروەریی سووریا جێگەی گفتوگۆ و پێشێلکاری نییه و سنوورەکانیش گۆڕانکاریی بەسەردا نایەت تەنیا له رێگەی راپرسیی گشتی نەبێت که تێیدا گەلی سووریا لەسەری بڕیار دەدات."



له بەندی٢ی مادەی٤یشدا هاتووه: دامەزراوه خودموختاره فەرگەنگیەکانی کوردەکان و رێکخراوەکانیان دوو زمانی عەرەبی و کوردی به یەکسانی بەکار دێنن.



هەروەها پۆسته حکومییەکانیش بەپێی رێژەی دانیشتوان، لەنێوان هەموو گەله جیاوازەکانی سووریا دابەش دەکرێت.



هەروەها بەپێی ئەم رەشنووسه، سووریا دەبێت پابەندی هەموو پەیماننامه نێودەوڵەتییەکان بێت. دەستووری ئێستای سووریا ئەم پابەندییەی نییه.



"سێرگێئی لاڤرۆڤ" وەزیری دەرەوەی رووسیا سەبارەت به رەشنووسه پێشنیارکراوەکه گوتی: له نووسینەوەیدا، هەموو ئەوانەی لەم چەند ساڵەدا له حکومەت و ئۆپۆزسیۆن و وڵاتانی ناوچەکه بیستراوه، رەچاوکراوه.



"ماریا زاخارۆڤا" گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیاش جەختی کردەوه، وڵاتەکەی بەنیاز نییه هیچ شتێک بەسەر کەسدا بسەپێنێت و تەنیا ئامانج له خستنەڕووی ئەم پێشنیاره، هاندانی لایەنەکانی سووریا بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتەیه. زاخارۆڤا گوتی، هیچ کام له دوولایەنەکان تاکو ئێستا نەیانتوانیوه پرۆژەیەک بخەنەڕوو که بەردی بناغەی گفتوگۆ بێت.
payamner -
Top