كه‌له‌پچه‌ ناخرێتە ده‌ستی ئه‌حمه‌د توركەوە

كه‌له‌پچه‌ ناخرێتە ده‌ستی ئه‌حمه‌د توركەوە
دوێنێ سه‌رۆكی شاره‌وانی مێردین كه‌ له‌ به‌ندیخانه‌ی ئیلازیخ ده‌ستگیر كرابوو، به‌هۆی خراپی باری ته‌ندروستیەوە، بەبێ ئەوەی كەلەپچەی لە دەست بكرێ، ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ كرا، ئه‌گه‌ر راپۆرتی پزیشكیش ده‌ریبخات باری ته‌ندروستی له‌بار نییه‌، پێویستە ئازاد بكرێت.


ئه‌حمه‌د تورك به‌تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی پروپاگنده‌ی بۆ په‌كه‌كه‌ كردووه‌، شاره‌وانییه‌كه‌ی قه‌ییوم كرا و ئه‌ویشیان خسته‌ زیندانه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی خراپی باری ته‌ندروستی داوای ئازادكردنی كراوه‌ و چه‌ندین كه‌سایه‌تی سیاسی وه‌كو ده‌نیز بایكاڵیش داوایان له‌ حكوومه‌تی توركیا كردبوو كه‌ ئه‌حمه‌د تورك ئازاد بكه‌ن و تۆمه‌ته‌كانی دراونه‌ته‌ پاڵی ناڕاستن.


دوێنێ ئەحمەد تورك له‌ به‌ندیخانه‌ گواسترایه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ و چاوه‌ڕێ ده‌كرێت پزیشك له‌ باره‌ی ته‌ندروستییه‌وه‌ راپۆرتێك پێشكه‌شی حكوومه‌ت بكات، ئه‌گه‌ر ته‌ندروستی گونجاو نه‌بوو له‌ به‌ندیخانه‌ بمێنێته‌وه‌، ئه‌وكات له‌ به‌ندیخانه‌ نایهێڵن و ره‌نگه‌ له‌ ماڵی خۆیدا ده‌ستبه‌سه‌ر بكرێت.


كاتێك ئه‌حمه‌د تورك هێنرایه‌ نه‌خۆشخانه‌، كه‌له‌پچه‌ی نه‌خرابووه‌ ده‌ستەوە، ته‌نیا 2 پۆلیس هاوه‌ڵی بوون و قۆڵیان گرتبوو، ئه‌مه‌ش وه‌كو هه‌ڵوێستێكی ئه‌رێنی له‌ میدیاكاندا باسی لێوه‌ كرا.
bas news-
Top