لەسەر ئەرکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی خانەی بەساڵاچوان و پەککەوتوانی نوور نۆژەن کرایەوە

لەسەر ئەرکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی خانەی بەساڵاچوان و پەککەوتوانی نوور نۆژەن کرایەوە
لە مەراسیمێکدا بە بەشداری کۆنسولگەری کوێت و ئەندامی دەستەی کارگێڕی دەزگای خێرخوازیی بارزانی تاکە خانەی پەککەوتوان لە ھەرێمی کوردستاندا دوای نۆژەنکردنەوە، دووبارە کرایەوە.



ئەمڕۆ نۆژەنکردنەوەی خانەی بەساڵاچوان و پەکەوتووانی نوور لە شاری ھەولێر کۆتایی پێھات و بۆ ئەو مەبەستە بە بەشداری "د. عمر الکندری" کونسوڵگەری کوێت لە ھەرێمی کوردستان، "نەرمین خان" نوێنەری حکومەتی ھەرێم و "ئیسماعیل عەبدولعەزیز" ئەندامی دەستەی کارگێڕی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، مەراسیمێک بەڕێوەچوو.



خانەی نوور تاکە خانەیە لە ھەرێمی کوردستان کە تیایدا خزمەت بە پەککەوتووان دەکرێت و ٢٤ کاتژمێر کارمەندەکانی ئێشکگرن بۆ ھاوکاری یارمەتییدانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، و کارمەندەکانیان لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانیەوە پشتیوانی ماددی دەکرێن.



ئیسماعیل عبدالعزیز ئەندامی دەستەی کارگێری دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی: ئەم بینایە لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە تەرخانکراوە و بەپێی گرێبەستێک دراوەتە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی ھەرێم و مانگانە ھاوکاری مادیی ئەم خانەیە دەکەین، ھەروەھا گوتی: خانەی نوور لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا زۆر خێرخواز و رێکخراو ھاوکاری خۆیان پێشکەشی ئەم خانەیە کردووە کە جێگای خۆیەتی سپاسیان بکەین.



لەبارەی چۆنێتی دووبارە نۆژەنکردنەوەی بیناکە، ئیسماعیل عەبدولعەزیز ئاماژەی بەوەدا: پرۆسەی دووبارە نۆژەنکردنەوەی خانەی نور بریتی بوە لە دووبارە رەنگڕێژکردنەوەی تەواوی بیناو ژوورەکان لەگەڵ فەرش رێژکردن و دروستکردنی ٢ کۆگا و گەراجی ئۆتۆمبێل و ھاوکات چاککردنەوەی کارەبایی و بۆڕی ئاو و سەقف سانەوی سەرجەم باڵەخانەکە.



ھەروەھا بەرێزیان لە درێژەی قسەکانیاندا ئاماژەیان بە ھاوکارییە مانگانەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانیدا، وتیشیان کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی مانگانە بڕە بووجەیەک بۆ خانەی بەساڵاچووان و پەککەوتوانی نوور دابین دەکات.



خانەی بەساڵاچوانی و پەککەوتووانی نوور بەردەوام رێژەی ٧٠ ھەتا ٧٥ بەساڵاچوو و پەککەوتەی تێدایە کە ٢٠ بۆ ٢٥ کەسیان ژنن، لە بەشی پەککەوتوانی خانەکەدا چاودێری ٣٣ پەککەوتە و خاوەن پێداویستی تایبەت دەکرێت و دەزگای خێرخوازیی بارزانی کارمەندی بۆ ئەو بەشە دابین کردووە.



دەوڵەتی کوێت لە درێژەی چالاکییەکانیدا بەھاوبەشی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەو خانەیەی نۆژەن کردەوە کە پرۆژەی نۆژەنکردەوەکە بۆ ماوەی ٤٠ رۆژ بەردوام بوو و ئەمە دووەمین جارە کە خانەی نوور نۆژەن دەکرێتەوە.



د. عمر الکندری کونسولگەری کوێت لە ھەولێر بە میدیاکانی راگەیاند کە دەوڵەتی کوێت لە سێکتەرەکانی پەروەردە و تەندرووستی و دابینکردنی خواردن بۆ ئاوارەکان و خەڵکی خۆجێی کوردستان پرۆژی ھاوبەشی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانیدا بەڕێوەبردووە و لە داھاتووشدا لە پرۆژەکانیان بەردەوام دەبن، بەرێزیان وتیان لە ماوەی داھاتوودا ٥ قوتابخانە و ٣ بنکەی تەندرووستی لە ناو کەمپەکانی ئاوارەکاندا دەکەنەوە.
payamner -
Top