لایەنەكان پشتگیری لە دەستپێشخەریی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەن
مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەڤپەیڤینێكدا رایگەیاند، پارتی بە دڵنیاییەوە ناگەڕێتەوە ئەو كۆبوونەوانەی كە پێی دەڵێن، كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی، هەموو حزبەكان دەبێت بەشدار بن، من نە ئەو موستەڵەحەم قبوڵە و نە جارێكی دیكەیش پارتی كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی ئەنجام دەدات، كۆبوونەوەكە دەبێت فراوانتر بێت.
گوتیشی: ئەو حزبانەی لە حكوومەت و پەرلەمان بەشدارن، ئەوانەی حكوومەت دەبێت بەشدار بن و ئەوانی دیكەیش دەبێت راوێژیان پێ بكرێت، من شەخسی خۆم رێگر نیم لەوەی هەموویان بەشدارن بن لە كۆبوونەوەكە، بەڵام پێنج قۆڵی تەواو.
محەمەد بازیانی، سەرۆكی حزبی بزاڤی چاكسازی و گەشە بۆ "هەولێر" گوتی: مەسیر و چارەنووسی كوردستان و حكوومەتی هەرێم لەژێر دەستی پێنج حزب كارێكی هەڵەبوو، لە كابینەی هەشت ئەوەیش دەركەوت، ئەوەی ئێستا من تێدەگەم ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵانەیە كە پێشتر كرابوون، بڕیاری زۆر گرنگن دەبێت لەمەودوا بدرێن، ئەو بڕیارانەیش دەبێت هەموو لایەنەكان و پێكهاتەكان تێدا بەشدار بن و پێكەوە بڕیار بدەن، وەك ئەوەی مەسعود بارزانی، ئاماژەی بۆ كردووە، هەروەها لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ بەڕێزیان من ئاماژەم بۆ ئەوە كرد كە دەبێت نەك هەر تەنیا ئەو حزبانەی لەناو حكوومەت، یان لە پەرلەمان هەن كۆببنەوە، بەڵكو ڕاوێژ بە ئەوانی دیكەیش بكرێت، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەوەین چی دیكە ئەو كۆبوونەوانەی پێنج قۆڵی نەكرێن و، دانیشتنەكان فراوان بكرێن، چونكە ئێمە بابەتی سەربەخۆییمان لە پێشە، بۆیە پێویستە هەموومان پێكەوە كۆببینەوە و پێكەوە بڕیار بدەین.
عەبدوڵڵا وەرتی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان بە "هەولێر"ـی راگەیاند، ئێمە پێمانوایە هێزە سیاسییەكانی كوردستان، پێكهاتەكان كە لە هەرێمی كوردستان هەن، بە هەموومان و كۆدەنگی دەگەینە ڕێككەوتن و چارەسەر بۆ هەموو ئەو پرسە هەڵواسراوانە، گرفت و ناكۆكیانەی كە لە ماوەی رابردوو بوونەتە گرفت بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و قەیرانیان لێ كەوتووەتەوە.
گوتیشی: ئێمە پێمانوایە ئەگەر كۆبوونەوەكان تەنیا لە چوارچێوەی بازنەی داخراوی ئەو پێنج حزبەدا بێت، بەڕاستی ئەوە گەڕانەوەی هەرێمی كوردستانە بۆ خاڵی سفر، بە كۆبوونەوەی هەموو لایەنەكان دەگەینە ئەنجامێك و لەوە ڕزگارمان دەبێت كە پێنج حزب كابینەی حكوومەتیان پێكهێناوە و لە ماوەی رابردوو نەیانتوانی بگەنە ئەنجامێك و كوردستان لەو ڕەوشە ناخۆشە ڕزگار بكەن، بۆیە دەبێت هەر كۆبوونەوەیەك بكرێت، هەموو حزب و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان تێدا بەشداربن، هەرێمی كوردستان پێویستی بەهەموو لایەنەكان هەیە تا لەسەر مێزێكی گفتوگۆ كۆببنەوە بۆ چارەسەركردنی هەموو ئەو كێشە و گرفتانەی كە هەن، نەك داوا بكرێت هەر هێزێك لە حكوومەتدا نییە لە كۆبوونەوەكانیشدا بەشدار نەبێت، بۆیە ئێمە وەك بزووتنەوەی ئیسلامی پشتگیری لە لێدوانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین، لەبارەی كۆبوونەوەی فراوانی حزبەكان نەك كۆبوونەوەی پێنچ لایەن بە تەنیا.
عەبدولقادر بازرگان، سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمان بۆ "هەولێر" گوتی: هەڵوێستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرز دەنرخێنین سەبارەت بە دەستپێشخەریكردنی لە قبووڵنەكردنی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی، چونكە ئەم جۆرە كۆبوونەوانە لە رابردوو خزمەت بە خەڵكی كوردستان و پێكهاتەكان ناگەینێت، لە رابردوودا چەندین كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی ئەنجام دران، بەڵام هیچ سوودێكیان نەبوو بۆ خەڵكی كوردستان، لە هەمان كاتدا پەراوێزخستنی لایەنەكانی دیكەی كوردستان بوو، بۆیە بە ناوی پارتەكەمان و فراكسیۆنی پێشكەوتووی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان، پشتگیری لە دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی دەكەین.
ئەوەشی گوت: ئێمە كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی ڕەت دەكەینەوە، ئێمە لەگەڵ ئەوەین هەر كۆبوونەوەیەك دەكرێت هەموو لایەنەكان تێدا بەشدا بن، چونكە ئێمە هەموومان لە یەك شوێندا دەژین، بۆیە پێشوازی لەو دەستپێشخەریە دەكەین و دەبێت لایەنەكانیش بە هەمان شێوە پێشوازی لێ بكەن و پشتگیری لێ بكەن، هەروەها هیوادارین سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان بیر لە كۆبوونەوەی فراوان بكەنەوە و كۆبوونەوەكان ئەنجامیان هەبێت و بڕیارەكانیش لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان بن بە تەواوی پێكهاتەكانەوە.
باپیر كامەلا، سكرتێری پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان بە "هەولێر"ـی رایگەیاند، ئێمە پێشوازی لەو پەیامەی سەرۆك بارزانی دەكەین، چونكە پێمانوایە لە رابردوو ئەو پێنج لایەنە نەیانتوانیوە كێشەكان چارەسەر بكەن، كوردستان پێویستی بەوە هەیە هەموو لایەنەكان ئەوانەی چ بەشدار لە حكوومەت، چ ئەوانەی لەناو پەرلەمان لە كۆبوونەوەكان شدار بن، بۆ ئەوەی بە هەموومان كێشەكان چارەسەر بكەین.
باپیر كامەلا، ئەوەشی دیاركرد، هەتا هەڵبژاردنی كۆمیسیۆن لە بچووكترین فەرمانبەر بگرە تا سەرۆكی كۆمیسبۆن لە نێوان ئەو پێنج حزبە بەش كراوە، ئەو لایەنانەی ئێستا لە دەرەوەی حكوومەتن، ئەگەر ئەمجارە دەرفەتی ئەوەیان بۆ نەڕەخسابێت بێنە ناو حكوومەت، بەڵكو لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو دەنگی پێویست بهێنن و بێنە ناو حكوومەت، كوردستان هی هەموو پێكهاتە و لایەنە سیاسییەكانە، لەبەر ئەوەش هەر بڕیارێك لەبارەی پاشەڕۆژی ئەم وڵاتە بدرێت پێویستە هەمووان تێیدا بەشداربن، چونكە ئەو كێشانەی رووبەڕوومان دەبنەوە بۆ هەموو كۆمەڵگەیە و هەمووان پێكەوە دەگرێتەوە، هەموومان بەشێكین لەو كۆمەڵگەیە و ئەوەی كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرموویەتی كە دەبێ هەموو لایەنەكان بەشداربن و رۆڵیان هەبێ لە هەرێمی كوردستاندا ئەوا زۆر بە گەرمی پێشوازی لێ دەكەین، پێویستیشە هەموو لایەنەكان پێشوازی لەو پەیامەكە بكەن، چونكە قۆناغەكە وا دەخوازێت كە هەموومان پێكەوە بین و كێشەكان پێكەوە چارەسەر بكەین، بۆ ئەوەی كوردستان بگەڕێتەوە بارودۆخی خۆی و ژیان وگوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێم خۆش بێت".
HAWLER -
