سەرۆکی هەرێمی کوردستان: پشتگیریی هەر بڕیارێكی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان دەكەم
مەسعود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، رۆژی هەینی 20-1-2017، لە چوارەمین رۆژی كۆڕبەندی ئابووریی داڤۆسدا، لەبارەی عێراق و سووریا بەشداری پانێڵێكی تایبەتی كرد، لە پانێڵەكەدا ھەریەك لە ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن، محەمەد شیمشەك، جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا، مەجید جەعفەر، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای نەوتی ھیلال، مینا ئورێبی، رۆژنامەڤان لە رۆژنامەی شەرقلئەوسەت و جەبران باسیل بەشدار بوون.
لەبارەی ئۆپەراسیۆنی موسڵ و رێككەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر ئۆپەراسیۆنە، بارزانی رایگەیاند: ئۆپەراسیۆنی موسڵ لە تشرینی دوومی ساڵی رابردوو دەستیپێکرد، ئۆپەراسیۆنەکە دوو قۆناخ بوو، ئەمەش لە چوارچێوەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بوو، هێزەکانی پێشمەرگە سەرەتا لە بەرەی پێشەوە بوون و، دواتر هێزەکانی عێراق چوونە پێشەوە بۆ ئازادکردنی موسڵ لە دەستی داعش.
قۆناخی یەکەم زۆر بەسەرکەوتوویی جێبەجێکرا و لە 27ی ئۆکتۆبەری 2016 دا کۆتاییهات. دواتر هێزە عێراقییەکان قۆناخی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکەیان دەستپێکرد، لەڕاستیدا هێزە عێراقییەکان توانیان سەرکەوتنی باش بەدەستبێنن و تەواوکەری ئەو سەرکەوتنە بن کە پێشمەرگە بەدەستی هێناوە. ئێمە توانیمان ناوچەکانی دەوروبەری لای چەپی موسڵ ئازاد بکەین. هەنگاوی دووەمیش ئەوەبوو بەری لای راستی شارەکە رزگار بکەین. هاوکات کاتێک پلانی سەربازی ئازادکردنی شارەکەمان دانا، هەر ئەوکاتە پلانی دوای ئازادکردنیشمان هەبوو، بەڵام سەرەتا تایبەتمەندیمان بە پلانی سەربازی دا، چونکە سەرتا ویستمان موسڵ ئازاد بکەین، دواتر رێککەوتنێک لەنێوان بەغدا و هەولێر کرا کە پێکەوە هەر کێشەیەک چارەسەر بکەین، کە رەنگە لەکاتی کۆنترۆڵکردنی شارەکە بێنە پێشەوە. ئێمە ویستمان پشت بە خەڵکی ناوچەکە ببەستین، بەدڵنیایشەوە ئێمە رێزمان لە بڕیارەکانی خەڵکی ناوچەکە گرت، ویستیشمان ئەوان رۆڵیان لەو پلانەدا هەبێت،
تۆ دەزانیت موسڵ لە شارەکانی دیکەی عێراق جیاوازە، چونکە شارێکی فرەتایفی و، کولتووری و ئاینییە، بۆیە هەر پلانێک هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی موسڵ، پێویستە ببێتە زامنی پاراستی مافی هەموو ئەو پێکهاتانە و هەروەها رێگری لە هەر رووداوێکی نەخوازراو بگرێت، لەکاتی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵدا. ئەنجامدانی گشتپرسی لەو ناوچانە یەكێكی دیكە بوو لە تەوەرەكانی پانێڵەكە و لەوبارەیەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی "بەدڵنیاییەوە كاتێك ئێمە باسمان لە بژاردەی ریفراندۆم یان ئەگەری ئەنجامدانی گشتپرسی كرد، شتێكە رەنگە لە داهاتوودا رووبدات و بۆ قۆناخی داهاتووه، ئێستا ئهنجوومهنی پارێزگا ههیه و بهرپرسی دیكهی ئیداری هەن وهك قائیمقام و شارهوانییهكان، لەگەڵ ئهو لیژنهیهی لهنێوان ههولێر و بهغدا بڕیاری لێدراوه.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا دروستكردنی ناوچەیەكی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردانی سووریا (رۆژئاوای كوردستان) دەبێتە هۆكارێك بۆ ئاشتی لە ناوچەكەدا؟ بارزانی گوتی "بێگومان من پشتگیری لە هەر شتێك دەكەم لەلایەن خەڵكی رۆژئاوای كوردستانەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت و لهگهڵ لایهنهكان لهسهری رێكدهكهون، به ناوی خۆمهوه قسه ناكهم، ئهوه خواستی خهڵكی ئهوێیه و ههروهها ئێمه لهههمان كاتدا زیاتر له 300 ههزار ئاوارهی سووریامان پهناداوه، خوازیارین زووتر ئاشتهوایی بێتهئاراوه بۆ ئهوهی خهڵكهكه بگهڕێنهوه سهر ماڵ و حاڵی خۆیان". لەبارەی ململانێی تائیفی له عێراق و سووریا سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی "كێبڕكێ و ململانێی ئاینی و مهزههبی و تائیفی له عێراق و سووریا ههیه، ئهوه واقیعه و چارهسهری بهپهلهشی ئهستهمه، بهڵام پێویسته كار بكرێت بۆ دۆزینهوهی چارهسهرێك ئهگینا سهقامگیری لهو دوو وڵاته بەدیناهێندرێت".
HAWLER -
