بە فەرمانی رژێمی سووریا پەیەدە چالاکوانانی کوردی دەستگیر کردوون؛ رەوشیان خراپە

 	 بە فەرمانی رژێمی سووریا پەیەدە چالاکوانانی کوردی دەستگیر کردوون؛ رەوشیان خراپە



ئەندامێکی سکرتاریەتی یەکێتیی خوێندەوان و جوانانی دیموکراتی کوردستان لە ڕۆژئاوای کوردستان، باس لە رەوشی ئەو چالاکوانە کوردانە دەکات کە ئاسایشی پەیەدە دەستگیریان کردوون و لە زینداندا حاڵیان خراپە.

(دژوار تۆفیق)، ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتیی خوێندەوان و جوانانی دیموکراتی کوردستانی رۆژاوای کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "زیاتر لە ٢٥ چالاکوان و ئەندامی ئێمە لە زیندانەکانی پەیەدەدا هەن، ئەوان تۆمەتی ئەوەیان دراوەتە پاڵ کە گوایە خۆپیشاندانی بێمۆڵەتمان کردووە، بەڵام ئێمە بیریان دەهێنینەوە کە هیچ کات خۆپیشاندان بە ویستی ئەوانەوە ناکەین، چونکە ئەوان ئێستا خۆیان سەپاندووە بەسەر واقعی ڕۆژئاوادا.

گوتیشی، دوای ئەوەی رێککەوتنی هەولێر یەک و هەولێر دوو، رێککەوتنی دهۆک، لە نێوان (ئەنەکەسە) و (تەڤدەم) دروستبوو، پەیەدە ئەم رێککەوتنەی پێشێلکرد و دەستی دایە ڕفاندن و بردنی ئەندامان و کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا و رێککەوتنەکەی جێبەجێ نەکرد.

ئاماژەیشی دا، رەوشی زیندانانی کادیرەکانمان زۆر خراپە و کادیرمان هەیە پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە دەبێت پزیشک بیبینێت، بەڵام پەیەدە ناهێڵێ تیمی تەندروستی پشکنیان بۆ بکات.

دەیشڵێ، لە فڕگەی شامەوە فەرمانێک لە ڕژێمی سووریاوە بۆ پەیەدە هاتووە کە رێگری لە ئەندامان و چلاکوانانی ئێمە بکرێت لە چالاکیەکانیاندا و هەر بە فەرمانی ئەوانیشەوە پەیەدە چالاکوانانی ئێمەی دەستگیر کردوون.
PDK -
Top