مەسرور بارزانی: دەبێ ھەرێم لە گفتوگۆکانی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەی لەسەر دەستی پێشمەرگە ئازادکراون بەشدار بێت
ئەمڕۆ "مەسرور بارزانی" راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە میانەی پێشوازیکردنی لە "د. مارک باریتی" باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق رایگەیاند، دەبێ ھەرێمی کوردستان بەشدار بێت لە گفتوگۆکانی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەی لەسەر دەستی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ ئازادکراون.
لەدیدارێکدا، کە بەئامادەبوونی "دۆمینیک ماس" کونسوڵی گشتی فەڕەنسا لەھەولێری پایتەخت بەڕێوەچوو، دوا پەرەسەندنە ئەمنی و سیاسییەکانی ناوچەکە و ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ لە تیرۆریستانی داعش تاوتوکرا و جەخت لە پەیوەندییە مێژووییەکان و بەھا ھاوبەشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و فەڕەنسا کرایەوە، مەسرور بارزانی دووەم سەردانی "فڕانسوا ھۆڵاند" سەرۆک کۆماری فەڕەنسای بۆ ھەرێمی کوردستان بە ھێمایەکی گرینگی پشتیوانیکردن لەگەلی کوردستان و بەھێزی ئەو پەیوەندییانە وەسف کرد و رایگەیاند، پەیوەندی و دۆستایەتی نێوان ھەرێمی کوردستان و فەڕەنسا لە ھەڵوێست و یارمەتییەکانی رابردووی فەڕەنسا بەرامبەر گەلی کوردستان سەرچاوەی گرتووە.
ھەر لە دیدارەکەدا رۆشنیایی خرایە سەر رێوشوێنەکانی زیادکردنی یارمەتییە سەربازی و مرۆییەکان و چارەسەرکردنی پێشمەرگە بریندارەکان، و دووپات لە نەخشەڕێگەی سەربەخۆیی کوردستان بە رێگەی ئاشتیانە و گفتوگۆ لەگەڵ عێراق وەک مافێکی سرووشتی گەلی کوردستان کرایەوە و جەختکرایەوە، کە گەیشتنی کورد بەمافەکانی خۆی دەبێتە فاکتەری سەقامگیری زیاتر لەناوچەکەدا.
لەبەرامبەردا باڵیۆزی فەڕەنسا لەعێراق، دووپاتی لە بەردەوام بوون و فرەوانترکردنی پەیوەندی درێژخایەنی نێوان وڵاتەکەیی و ھەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکان بۆ بەرژەوەندی ھەردوولا کردەوە و رایگەیاند، پەیوەندییەکان بەردەوام دەبن و بەردەوامیش یارمەتییەکانیان بە کردار کردووە و پاڵپشتی لە ھەر ھەنگاوێک دەکەن، کە بوژانەوە و کراوەیی بۆ گەلی کوردستان بەدی بھێنێت.
payamner -
