ئەنەکەسە بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئاستانا دەکات و بەرنامەکانی دەخاتەڕوو

ئەنەکەسە بەشداریی کۆبوونەوەکانی ئاستانا دەکات و بەرنامەکانی دەخاتەڕوو
سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا، ئیبراھیم برۆ رایگەیاند: "ئێمە وەک نوێنەری سیاسی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا بۆ خستنەڕووی تەواوی پێشلکارییەکان بەرامبەربە مافی مرۆڤ و گەلی کورد بەشداری کۆبوونەوەکانی ئاستانا دەبین کە بڕیارە سبەی دووشەممە لە کازاخستان بەڕێوە بچیت، زۆرینەی پێشلکارییەکان بەرامبەربە مافی مرۆڤ لە سووریا بووە بۆیە دەمانەوێت دەنگ ھەڵببڕێن و بەرگری لە مافی مرۆڤ و گەلی کورد لە سووریا بکەین".



سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا، ئیبراھیم برۆ لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئامانجی سەرەکی بەشداربوونمان لە کۆبوونەوەکانی ئاستانا راگرتنی ئەو جەنگە خوێناوییە کە بەرۆکی مرۆڤایەتی گرتووە لە سووریا، بەھەمان شێوەش تەواوی ئەو لایەن و ھێزانەیش ئاشکرا دەکەین کە نایانەوێت جەنگ بوەستێت ئاگربەست لە دوای ئاگر بەست دەشکێنن، چونکە چەندین ھێز و گرووپی جیا جیا ھەن بەردەوام لە ئاڵۆزترکردنی دۆخی سووریان".



ئیبراھیم برۆ گوتی: "لە کۆبوونەوەکانی ئاستانا داوا لە ھەموو وڵاتان دەکەین ھاوکاری مرۆیی بەپەلە بگەیەننە سووریا، چونکە بەھۆی بەردەوامی جەنگەوە قات و قڕیەکی زۆر گەورە رووی لە دانیشتووانی ناوچەکە کردووە، ھەروەھا بەپێویستی دەزانم کارێکی جددی بکەن لەبەردەم ئەو گرووپە چەکدارانەی لە ژێر ناوی جیا جیا رێگرن لە گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان، چونکە ئەگەر دواخستن یان کەمتەرخەمی بکرێت لە گەیاندنی ھاوکاری مرۆیی و خواردن و خواردنەوە و تەواوی کەلوپەلە سەرەتاییەکانی نێوماڵ، ژیانی ھەزاران کەس لە سووریا دەکەوێتە ژێر ھەڕەشەیەکی گەورە".



سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا، ئیبراھیم برۆ پەنجە بۆ چەند ھێزێکی وەک رژێمی ئەسەد و چەکدارانی پەیەدە رادەکێشێت بەپێشلکار ناویان دەبات و دەڵێت: "جگە لەوەی رژێمی ئەسەد و چەکدارانی پەیەدە بەردەوام پێشلکاری بەرامبەربە مافی مرۆڤ ئەنجام دەدەن تا ئێستاش ھەزاران کەسیان لە بەندیخانەکانی خۆیان دەستبەسەر کردووە ھیچ شتێک لەبارەی چارەنووسیان نازانرێت، بۆیە ھەوڵێکی جددی دەدەین بۆ رزگارکردنی ئەو دەستبەسەرانەی بەندیخانەکانی رژێمی سووریا و چەکدارانی پەیەدە/یەپەگە، چونکە وەک دەزانین مامەڵەی نەشیاویان بەرامبەر دەکریت و ژیانیان لە مەترسیدایە لە بەندیخانەکاندا، ئەوانەی دەستبەسەرن سەدان ھەزار کەس لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و ژمارەیەکی زۆریش ئەندام و لایەنگرانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا و ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان- سووریا-ن، بەبێ جیاوازی داوای رزگارکردنی ھەموویان دەکەین".



ئیبراھیم برۆ گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکانی ئاستانا کەیسێکی تایبەت بەناوچە کوردییەکانی سووریامان لەبەردەستە بۆ ئەوەی ھەموو شتێک لە بەرژەوەندی گەلی کورد لە سووریا وتوێژ بکەین و ھەموو ھەوڵێکیش دەدەین پشتگیری وڵاتان بۆ گەلی کورد لە سووریا بەدەست بھێنین، چونکە چەند گرووپێک بەزوڵمی چەک و تفەنگ ناوچە کوردییەکانی سووریا بەڕێوە دەبەن، نموونەی روون بەرچاو دەسەڵاتی پەیەدە لە ناوچە کوردییەکانی کە بەحوکمی لوولەی تفەنگەکانیان منداڵ و ھاووڵاتییان چەکدار دەکەن، ئەندام و لایەنگرانی پارتە کوردییەکانی وەک ئەنەکەسە و پەدەکەسە دەڕفێنن تا ئێستا زیاتر لە ٤٠ ئەندام و لایەنگرانمان دەستبەسەرن، بەوەشەوە نەوەستاون بەڵکو دەستیان بەخوێنی ئەو ھاووڵاتییە کوردانە سوور کردووە، ھەڵبەت رژێمی سووریاش بێبەش نەبووە لە دەستوەردان لە قووڵترکردنەوەی ململانێکان".



ناوبراو گوتیشی: "دەرئەنجامەکانی کۆبوونەوەکانی ئاستانا لەسەر تەواوی گەلی سووریا بەھەموو پێکھاتە و چین و توێژەکانەوە رەنگدانەوەی دەبێت، چونکە وەک ئاگادارین ھەموو وڵاتانی بەشدار لە کوبوونەوەکانی ئاستانا کاردەکەن بۆ وەستاندنی شەڕ لە سووریا، ئەوەش خۆی لە خۆیدا بڕیارێکی چارەنووسسازە بۆ تەواوی گەلی سووریا، چونکە کە چەکەکان بێ دەنگ کران ئیتر قۆناغی ئاوەدانکردنەوە و ژیاننەوەی تەواوی ناوچەکە دەست پێ دەکات".



بڕیارە سبەی دووشەممە کۆبوونەوەکانی ئاستانا بەسەرپەرشتی تورکیا، سووریا، رووسیا، ئێران، رژێمی سووریا و ئۆپۆزسیۆنی سووریا و بەشداری چەندین وڵاتی دیکە لە کازاخستان بەڕێوە بچێت، ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا وەک بەشیک لە ئۆپۆزسیۆن بەشداری کۆبوونەوەکان دەبێت، ئەو شاندەی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا بەشداری کۆبوونەوەکانی ئاستانەن لە سەرۆکی ئەنەکەسە، ئیبراھیم برۆ ھەروەھا ئەندامی دەستەی یاسایی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی لە سووریا، کاک دەروێش و نوێنەری ئەنەکەسە لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا عەبدوڵحەکیم بەشار پێکھاتووە.
PAYAMNER-
Top