داوا لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەکرێت لێپێچینەوە لەگەڵ چەند بەرپرسێکی بکات
شوان داودی، پەرلەمانتاری یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە وتارێکدا بە ناوی (مەلا حەسەن ئامرلی کرد بە قەزا!) کە لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، ئەوەی ئاشکرا کردووە کە ئەحمەد عەبدوڵا جبووری، ناسراو بە (ئەبو مازن)، دوای ئەوەی لە مانگی 8\2015، پۆستی وەزیر لە حکوومەتی عێراق لادرا بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی کاروباری پەرلەمان و پارێزگاکان، کاری بۆ گەڕانەوەی بۆ پۆستی پارێزگاری سەڵاحەدین کردووە، لە کاتێکدا كورد لە ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدیندا تەنها یەك كورسی هەیە كە كادیرێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ناوی (حەسەن محەمەد ئەحمەد عەباس) ناسراوە بە مەلا حەسەن لەو پۆستە دایە.
پەرلەمانتارەکەی یەکێتی ئەوەی ئاشکرا کردووە کە مەلا حەسەن لە دژی ئەبو مازن، چووەتە بەرەی مشعان جبووری و لە بەغدا لە ماڵی ئەبو مەهدی موهەندیس، سەرکردەی بڕیاردەری حەشدی شەعبی، ئاهەنگی سوێندخواردنی هاوپەیمانێتییەکیان بەڕێوە بردووە.
ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە ئەبو مازن بۆ ئەوەی بەرپرسەکەی یەکێتی لە سەڵاحەدین پشتیوانییان بکات، لەگەڵیاندا کەوتووەتە گفتوگۆ و بەڵێنی پێ داون کە لە کاتی وەرگرتنی پۆستی پارێزگاردا، پۆستی جێگری پارێزگار بە کورد بدەن، چونکە ”ئەو کورسییەی کورد پرسەکەی یەکلا دەکردەوە“، بۆیە لە فراکسیۆنی یەکێتی هەوڵیان داوە بەرپرسانی کورد لە قەزای خورماتوو و ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، لەگەڵ ئەبو مازندا ڕێک بکەون، بەڵام دواجار لە ڕێگەی فشارەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراقەوە، نووسراوێک لەمبارەیەوە دەکرێت و لە 12\4\2016 مەرسوومی کۆماری بۆ بە پارێزگاربوونی ئەبو مازن دەردەچێت، لە بەرامبەریشدا پارێزگاری سەڵاحەدین لە یەکەم کاریدا، پۆستی بەڕێوەبەری تەندرووستیی سەڵاحەدین کە کورد بە پشکی خۆی دەزانێت، لادەدات و لە 4\1\2017ش بڕیارێکی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بۆ بە قەزابوونی ئامرلی دەردەکات.
پەرلەمانتارەکەی یەکێتی دەڵێت: ”تازە بە تازە برادەران خۆیان گیڤ دەكەنەوە، وەك ئەوەی ئەمە پرسێكی تازە بێت، بێ ئەوەی ئاوڕ لە كارە جوانەكانی ڕابردووی خۆیان بدەنەوە، سەرباری هەمووی، دەیانەوێت كاسەی خۆیان بەسەری پەرلەمانتاراندا بشكێننەوە و داوا لە پەرلەمانتاران دەكەن ڕێگری لە بە قەزاكردنی ئامرلی بكەن و لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە کە ئەو برادەرانە، ژێر بە ژێر پیرۆزباییان لێ دەكەن“.
لە کۆتاییدا ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، داوا لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەندیی حزبەکەی دەکات، ”لەم پرسە بێنە دەنگ و كەمتەرخەم سزا بدەن“. دەشڵێت: ”ناكرێت لە هەڵەیەكی كوشندەی لەم جۆرە چاو بپۆشرێت، چونكە مەسەلەكە ئاسایشی نەتەوەیی و پرسی خاكە كە دوو ساڵ و نیوە بە خوێنی پێشمەرگە بەرگری لێدەكرێت و ناكرێت دۆڕاندنی لە سەودایەكی سیاسی بەبێ حیساب تێپەڕێت، چونكە تازە ئامرلی بوو بە قەزا و دژایەتیكردنی لە بەرژەوەندی كورد نییە، بەڵكو ئەوەی گرنگە ئیتر ڕێگە نەدرێت كەسانێك لە پێناو بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیاندا، قومار بە خاك و چارەنووسمانەوە بكەن“.
باسنیوز
