دوايين ئامادەكارییهكانی كارنامەی بۆردی باڵای وەزارتی كشتوكاڵ
له كۆبوونهوهیهكی وهزیری كشتوكاڵ و بۆردی باڵای وهزارهت، دابینكردنی بوودجەی پاڵپشتیی كشتوكاڵی و حاڵەتی تەنگەتاوی و دامەزراندنی پزیشكی ڤێتێرنەری جەختیان لێكرایەوە.
عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی كرد تایبەت بە ئامادەكردنی كارنامەی بۆردی باڵای كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، لە كۆبوونەوەكەدا كە نوێنەرانی وەزارەتەكانی دارایی و داد و ئەنجومەنی ئابووری و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت ئامادەی بوون، ئاماژە بەو راپۆرتە كرا كە وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو پێشكەشی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی كردبوو، كە تێیدا چەندین كێشەو ئاستەنگ لەبەردەم كەرتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو خرانەڕوو، لەوانە كێشەی دابین نەكردنی بودجەی پاڵپشتیی كشتوكاڵی و نەبوونی پاسەوان بۆ بەنداوە تەواوبووەكان، وێڕای نەبوونی گوژمەی چاكسازیی بۆ هەندێ لە بەنداوەكان كە پێویستی بە دابینكردنی یەك ملیار دینار هەیە.
خاڵێكی دیكە بریتی بوو لە نەبوونی بوودجەی پێویست بۆ پاڵپشتیی كشتوكاڵی كە پێویستە بۆ دابینكردنی بنەتۆو پەیین و قڕكەرو ڤاكسین و ئیدامەی دارستانەكان.
ئاماژە بە خاڵێكی دیكە كرا كە تایبەت بوو بە نەبوونی بوودجە بۆ حاڵەتی تەنگەتاویی نەخۆشی و پەتا كشتوكاڵییەكان كە لە 500 ملیۆن دینار تا یەك ملیار بێت، دامەزراندنی دەرچووانی كۆلیژەكانی ڤێتێرنەری وەك پزیشك خاڵێكی دیكە بوو كە جەختی لێكرایەوە بە تایبەتیش هەندێ لەو پزیشكانە لە ساڵانی 2012- 2013 و 2013-2014 بە گرێبەست كاردەكەن و داواكرا كە ببنە هەمیشەیی.
تەئكیدیش كرایەوە لەسەر كێشەی نەبوونی بازاڕ لەبەر زیادبوونی بەرهەمی خۆماڵی و داواكرا كە رووبكرێتە بەرهەمە خۆماڵییەكان، وەك مریشك و هێلكە.
خاڵێكی دیكە بریتی بوو لە كێشەی تۆمارنەكردنی زەوی و تەملیككردنی كە لەئێستادا لە تاپۆكان وەستاوە و بڕیاری لەسەر بدرێت كە وەزارەت پێشنیاری كردووە بۆ ئەنجومەنی وەزیران كە تەملیككردنی زەویی جووتیاران بە بڕیاری وەزیر جێبەجێ بكرێت لە لایەن فەرمانگەكانی تاپۆوە، وێڕای كێشەی فرۆشتنی زەویی لە لایەن جووتیارانەوە كە بە گرێبەست و بڕیاری دابەش وەریان گرتووە.
داواكرا كە زەویی گرێبەست بە ناو بكرێت، ئەمەو كۆبوونەوەكە لە چەندین خاڵی دیكەی راپۆرتەكەی وەزارەتی كشتوكاڵی كۆڵییەوە تایبەت بە ئامادەكردنی كارنامەی بۆردی باڵای كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو.
payamner-
