سەرۆکی جڤاتی گشتیی گۆڕان: پێویستە یەکێتی کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات
ڕەئوف عوسمان، سەرۆکی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند: "ڕێککەوتنی سیاسیی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی وەک خۆی ماوەتەوە، بەڵام تائێستا کۆمەڵێک مەرجی ناو ڕێککەوتننامەکە جێبەجێ نەکراوە”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: "بزووتنەوەی گۆڕان وەکوو لایەنێکی سیاسی، نزیکبوونەوەی ھەموو لایەنە سیاسییەکانی دیکە بە کارێکی باش دەزانێت، بۆیە ئێمە هیوای ئەوە دەخوازین، ھەردوو لامان کار بۆ ئەوە بکەین، بەجۆرێک ڕێککەوتننامە سیاسییەکەی نێوانمان کارابکەینەوە، بۆ ئایندە لەگەڵ یەکێتی بۆ چارەسەری کێشەکان یەک ھەڵوێستی ھاوبەشی سیاسیمان ھەبێت”.
سەرۆکی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان باسی لەوەش کرد: "ئەگەر قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتننامەکەی نێوان گۆڕان و یەکێتی بەرەو پێشەوە بڕوات، یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە کە بۆ داھاتوو، یەکێتی و گۆڕان یەک بگرن”.
بە گوتەی ئەو، گۆڕان هیوا دەخوازێت کە “یەکێتی کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات، بۆ ئەوەی لەنێوان خۆیاندا کۆک بن” و گۆڕانیش لەگەڵ یەکێتی “زیاتر لە یەکتر نزیک ببنەوە و گرنگی بە ڕێککەوتنامەکە”ی نێوانیان بدەن.
باسنیوز
