سەرکردەیەکی ناسراوی حزبی دیموکرات کۆچی دوایی کرد

سەرکردەیەکی ناسراوی حزبی دیموکرات کۆچی دوایی کرد
فه‌تاح کاویان، نووسەر و تێکۆشه‌ری دێرینی کورد و ئه‌ندامی پێشووی ڕێبه‌ریی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، به‌هۆی ڕاوه‌ستانی دڵ لە شاری کۆیە کۆچی دوایی کرد.



بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی (کوردستان و کورد) زمانحاڵی فەرمیی (حدک) ئێواره‌ی ئەمڕۆ چوارشەممە 2017 -1- 17 فه‌تاح کاویان، نووسەر و سەرکردەی دێرینی حزبی دیموکرات و دوای پتر له‌ 60 ساڵ خه‌بات و تێکۆشانی به‌رده‌وام له‌ ڕیزه‌کانی حزبی دیموکراتی کوردستاند، له‌ ته‌مه‌نی 80 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.



فه‌تاح کاویان ساڵی ١٣١٥ی هه‌تاوی (1936ی زایینی) له‌ شاری مه‌هاباد له‌دایک بووە. ئه‌و له‌ ساڵی 1957ەوە‌ بووەتە ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران.



به‌هۆی تێکۆشانی سیاسی له‌لایه‌ن ناوه‌نده‌ ئه‌منییه‌کانی ڕێژیمی پاشایه‌تی گیراوه‌و ماوه‌ی زیاتر له‌ دوو ساڵ و نیو خراوه‌ته‌ به‌ندیخانه‌وه‌ و دوای ئازادبوونی له‌ زیندان درێژه‌ به‌ خوێندن ده‌دا و لیسانسی زمانی ئینگلیزیی له‌ زانکۆی تاران وه‌رده‌گرێ.



دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران، فه‌تاح کاویان وازی له‌ ژیانی ئاسایی و مامۆستایه‌تی هێناوە و له‌ ڕیزی حیزبی دیموکراتدا شانی وه‌به‌ر به‌رپرسایه‌تییه‌ جۆراوجۆره‌کان داوە.



فه‌تاح کاویان، بۆ ماوه‌ی 25 ساڵ ئه‌ندامی ڕێبه‌ریی دیموکرات بووە و له‌ ئۆڕگانه‌ جۆراوجۆره‌کانی حیزب، وه‌ک سکرتاریا و ڕاگه‌یاندنی حزبدا کار و چالاکیی حیزبیی بووه‌.



جیا لە کاروباری سیاسی، شارەزاییەکی زۆری لە بواری زمانی ئینگلزی و نووسین و وەرگێڕاندا هەبووە و جیا لە نووسینی فەرهەنگی "حەفتەوانە"، چەند کتێبێکی دیکەی لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، لە ساڵانی کۆتایی تەمەنیدا وێرای نەخۆشی بەردەوام خەریکی خوێندنەوە و نووسینی فەرهەنگێکی گەورەی ئینگلیزی کوردی بوو.
bas news-
Top