لە چەند گوندێكی سلێمانى ژمارەیەک پەلەوەر مردار دەبنەوە

لە چەند گوندێكی سلێمانى ژمارەیەک پەلەوەر مردار دەبنەوە
قایمقامى سلێمانى زانیارى لەسەر بڵاوبوونەوەى ئەنفلۆنزاى باڵندە لە چەند گوندێکى سنوورى پارێزگاى سلێمانى ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێ ژمارەیەک پەلەوەر لە گوندەکانى سلێمانى مردار بوونەتەوە و پزیشکى ڤێتێرنەریی سلێمانى بەدواداچوونى بۆ دەکات.


بەختیار عەبدوڕەحمان قایمقامى سلێمانى لە لێدوانێکیدا بە (باسنیوز)ی ڕایگەیاند ماوەى چەند ڕۆژێکە لە چەند گوندێکى سنوورى پارێزگاى سلێمانى، ژمارەیەک قەل و قاز و مریشک مردار بوونەتەوە، بەڵام تا ئێستە نەزانراوە ئاخۆ هۆکارەکەى پەیوەندى بەئەنفلۆنزاى باڵندەوە هەیە یاخود بۆ حاڵەتێکى دیکە دەگەڕێتەوە.

گوتیشى سبەی چوارشەممە لیژنەکانى قایمقامیەتى سلێمانى لە بەڕێوبەرایەتى گشتیى تەندروستیى سلێمانى بە هاوبەشى لەگەڵ پزیشکى ڤێتێرنەری کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەى پشکنین بۆ ئەو قەل و قاز و مریشکانە بکەن و بزانن هۆکاری مرداربوونەوەیان بۆچى دەگەڕێتەوە.



قایمقامى سلێمانى گوتیشى "خەڵکى شارى سلێمانى دڵنیا دەکەمەوە تا ئێستە هیچ حاڵەتێکى ئەنفلۆنزاى باڵندە تۆمار نەکراوە، بەڵام ئێمە دەمانەوێ لە هۆکارى مرداربوونەوەى ئەو پەلەوەرانەى گوندەکانى سلێمانى بکۆڵینەوە، بۆ ئەوەى ئەگەر زانیمان نەخۆشیەکى مەترسیدارە ڕێگرى لێ بکەین".


ڕوونیشى کردەوە "پزیشکى ڤێتێرنەری بەردەوام پشکنین بۆ مریشک و باڵندەى گوندەکان دەکات، بێگومان هەمیشە تیمەکانى ڤێتێرنەری لە گوندەکاندا دەگەڕێن، ئەوانیش تا ئێستە نەیانسەلماندووە کە ئەنفلۆنززاى باڵندە بوونى هەبێت".
bas news-
Top