قاسم شەشۆ: پەکەکە مافی کوردانی ئیزدی پێشێل دەکات
بە پێێ هەواڵێکی سایتی (کوردپارێز)ی ئێرانی، قاسم شەشۆ فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال ڕایگەیاندووە کە لەئەنجامی لێکۆڵینەوەی ئیدارەی شنگال و فەرماندەیی پێشمەرگە لە شنگال دەرکەوتووە کە زۆربەی تاوانەکانی کوشتن و ڕفاندن لە ناوچەی شنگال لەلایەن ئەندامانی پەکەکەوە ئەنجام دراوە.
ناوبراو، تیرۆر و کوشتنەکانی چەند مانگی ڕابردووی پەکەکە و دەیان نموونەی ڕفاندنی هاووڵاتییانی دیکەی بۆ ئامانجی سەرەکیی پەکەکە لە نانەوەی ئاژاوە لە شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری گەڕاندەوە.
وەک سەرچاوەکە باسی کردووە، فەرماندەکەی کوردانی ئێزدی جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پێشێلکارییەکانی پەکەکە لەدژی ئێزدییەکان بەردەوامە و ئەوان چیدیکە قبووڵی ناکەن و هەڵوێستی جددییان دەبێت.
لەو ڕووەوە داوای لە سەرجەم کوردانی ئێزدی کرد بێدەنگ نەبن بەرامبەر ئەو سووکایەتییانەی کە لەلایەن پەکەکەوە دەرهەق بە خوێنی هاووڵاتییانی بێتاوان و هێزەکانی پێشمەرگە دەکرێت.
بەرپرسە سەربازییەکەی شنگال لە لێدوانەکەیدا ویڕای ئاماژە بە دیارنەمانی چارەنووسی ڕفێندراوەکان لەلایەن پەکەکەوە، دەڵێت لەوانەیە بتوانرێت کچان و کوڕانی ئێزدیی دیلی دەستی داعش بە پارە یان بەشێوازی دیکە ڕزگار بکرێن، بەڵام ڕفێندراوانی دەستی پەکەکە لەلایەن ئەو رێکخراوەوە بۆ هەمیشە لە خانەوادە و کەسوکاریان دوور دەخرێنەوە .
payamner -
