کەنەدا بە بڕی 9 ملیۆن دۆلار چەک بۆ پێشمەرگە دابین دەکات
رۆژی پێنجشەممە 12/1/2017، دانیێڵ بوتلەر، گوتەبێژی بەشی بەرگریی نیشتیمانیی کەنەدا رایگەیاندووە، وڵاتەکەی بە بەهای نۆ ملیۆن 500 هەزار دۆلار چەکی جۆراوجۆری سووک بۆ پێشمەرگە دابین دەکات.
دانیێڵ بوتلەر هەروەها رایگەیاندووە، کە حکوومەتی وڵاتەکەی گفتوگۆکانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی دروستکردنی چەک دەست پێ کردووە بۆ دروستکردنی ئەو چەکانە و دانوستاندن لەگەڵ حکوومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ”بەکارهێنانی ئەو چەکانە بەشێوەیەکی دروست“.
کەنەدا هاوشێوەی وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هەنگاریا، بەریتانیا، ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی دیکە، لە سەرەتای هێرشی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە بۆ سەر کوردستانی باشوور، هاوکاریی سەربازیی هەرێمی کوردستان و هیزەکانی پێشمەرگە دەکات.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنيوز
