سەرۆکی ئەنجومەنی شنگال داوایەک لە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد دەکات

 سەرۆکی ئەنجومەنی شنگال داوایەک لە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد دەکات
سەرۆکی ئەنجومەنی شەنگال ئاماژە بەوە دەکات، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شنگال، هێزی بڵاو کردووەتەوە و بە نیازی کشانەوە نییە.

وەیس نایف، سەرۆکی ئەنجومەنی شنگال، ڕایگەیاند: “داوا لە سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەکەین، کاتێک بۆ کشانەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شنگال دیاری بکات، چونکە وادەردەکەوێت کە سەرکردە مەیدانییەکانی پەکەکە گوێ بەهیچ قسەیەک نادەن”.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە پەکەکە ماوەیەکە هێزیان پەرش و بڵاو کردووە و “گوێ بە کەس نادەن”، بۆیە داوایان لێ کردووە کە سنووری شنگال نەبەزێنن، کەچی “سوودی نییە”. گوتیشی: “هەموو ڕۆژێک بە ئۆتۆمبێلی جام ڕەش و هێزی سەربازییەوە بە شنگالدا هاتوچۆ دەکەن، بازگەیان داناوە و لە هێزی پێشمەرگەش دەپرسنەوە”.

سەرۆکی ئەنجومەنی شنگال لە لێدوانەکەیدا داوای لە سەرکردایەتیی کورد کرد، کاتێک بۆ چۆڵکردنی شنگال لە لایەن پەکەکەوە دیاری بکەن و گوتی: “ئەگەرنا ناوچەکە تووشی ئاڵۆزی دەکەن، چونکە لەم ماوەیە سەرکردە مەیدانییەکانیان ڕایان گەیاندووە کە گوێ بە فەرمانی هیچ کەسێک نادەن و شنگال چۆڵ ناکەن، تەنانەت گوتوویانە کە گوێ بەوەش نادەن لەناو پەکەکە باسی کشانەوەیان دەکرێت".


















باسنیوز
Top