نووسینگەی عەبادی: یڵدرم بەڵێنی کشاندنەوەی هێزەکانی لە باشیک دا
سەعد حەدیسی، گوتەبێژی نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، کە لە کۆبوونەوەی عەبادی و بیناڵی یڵدرم، سەرۆک وەزیرانی تورکیا، گفتوگۆ لەبارەی ژمارەیەک تەوەری پەیوەندیدار کراوە.
بە گوتەی سەعد حەدیسی، بیناڵی یڵدرم بەڵێنی داوە هێزەکانی سوپای وڵاتەکەی لە نزیک شارەدێی باشیک لە پارێزگای نەینەوا بکێشێتەوە.
گوتەبێژی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق هەروەها رایگەیاندووە، کە لە کۆبوونەوەکەیاندا، عەبادی و یڵدرم گفتوگۆیان لەبارەی هەماهەنگیی هەواڵگری و پاراستنی سنوورەکان کردووە بۆ رێگرتن لە هاتوچۆی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە کوردستانی باشوورەوە بۆ کوردستانی باکوور و تورکیا.
سەرلەبەیانیی رۆژی شەممە 7/1/2016 بیناڵی یڵدرم بە سەرۆکایەتیی شاندێکی وڵاتەکەی، گەیشتە شاری بەغدا و بڕیاریشە بۆ شەوەکەی سەردانی هەولێر بکات و رۆژی یەکشەممە 8/1/2017 لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و گەورە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە.
ئەو هێزەی تورکیا، هەروەک ئەسیل نوجەیفی، فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی نەینەوا رایگەیاندووە، بۆ مەشقکردن بە پاسەوانی نەینەوا، کە لە گەنجانی سوننەمەزهەبی پارێزگای نەینەوا پێکهێنراوە، لە نزیک شارەدێی باشیک و بە رێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق جێگیر بوون.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کرا.
باسنيوز
