لە مانگی داھاتوو فێستیڤاڵی سەر بەفر ئەنجام دەدرێت
گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، ھێما بۆ ئەوە دەکات کە تەنیا بە بۆنەی سەری ساڵ، 45 ھەزار گەشتیار ڕوویان لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان کردبوو، لە مانگی داھاتووش، فێستیڤاڵی سەر بەفر لە شاخەکانی کوردستان، ئەنجام دەدرێت.
نادر ڕۆستی، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بەبۆنەی ھاتنی سەری ساڵ، زیاتر لە 45 ھەزار گەشتیار، ڕوویان لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام زۆرینەئ ئەو ژمارەیە بۆ ھەولێر و سلێمانی بووە".
گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، ئەوەشی خستەڕوو: "ئەم ژمارەیە تەنیا ھی باشووری عێراق نەبوو، بەڵام لە وڵاتی ئێرانەوەش گەشتیار ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە، ھەروەھا لە دەروازەی ئیبراھیم خەلیلیش گەشتیار ھاتوون، بەڵام ژمارەکە تا ئێستا بە تەواوی یەکلا نەبوەتەوە، بەڵام زۆرینەی ھی باشوور و ناوەڕاستی عێراقن".
گوتیشی: "وەک دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، بۆ مانگی داھاتوو پڕۆژەی فێستیڤاڵی خلیسکانی سەربەفر لە شاخەکانی ھەرێمی کوردستان، ساز دەکەین و چەندین پڕۆژەی دیکەمان ھەیە، لە مانگی نیسانیش پیشانگەی گەشتوگوزاری دەکەینەوە".
bas news-
