ئەمریکا: لە کارکردنمان لەگەڵ حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبین

ئەمریکا: لە کارکردنمان لەگەڵ حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبین
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لە کارکردنیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن و دەزانن کە بوونی ئاوارە چ کاریگەرییەک لەسەر ئابوری و ژێرخانی ناوخۆیی دروستدەکات.

جۆن کێربی، وتەبێژی وەزارەته‌كه‌ لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی رۆژانەیدا (٣ی کانوونی دووەم) سەبارەت بە هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرسی ئاوارەکاندا وتی "ماوەیەکی زۆر زۆرە گرنگی بەم پرسە دەدەین. ئێمە بەردەوام دەبین لەوەی لە نزیکەوە کار لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بکەین بۆ هاوکاریکردنی ئاوارە ناوخۆییەکانی عیراق، ئەوانەی کە بەهۆی داعشەوە ماڵەکانیان جێهێشتووە".

تەئکیدشی کردەوە لەوەی کە ئەوان لەم پرسەدا بە هەمانشێوە بەردەوام دەبن لە کارکردن لەگەڵ دەسەڵاتە ناوخۆییەکانی پارێزگاکان و حکومەتی ناوەندیی بەغداد، ئەمەش بۆ باشترکردنی دۆخەکە، تاکو ئاوارەکان لە کۆتاییدا بە سەلامەت بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان.

وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی‌ به‌وه‌شكرد، ئەمە تەنها بەشێکە لە هەوڵێکی گەورەتر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کێشەیەدا و ئەوان ئاگاداری کاریگەریی ئاوارەکانن لەسەر ئابوری و ژێرخانی ناوخۆیی.

"هەموومان دەتوانین زیاتر بکەین. ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تاکو ئێستا زیاتر لە ملیاردێک دۆلاری بە تەنها لە هاوکاریی مرۆییدا پێشکەشکردووە. هاوینی ئەمساڵ زیاتر لە ٢ ملیار دۆلارمان بۆ هاوکاریی مرۆیی، سەقامگیری، پوچەڵکردنەوەی مین لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، وڵاتانی دیکە و هاوکارەکانمان بۆ عیراق و ئۆپراسیۆنی موسڵ کۆکردووەتەوە" جۆن کێربی وایوت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راشیگه‌یاند، ئەوان لە ئێستادا چالاکانە لەگەڵ هاوکارە مرۆییەکانیان و دەزگا ناحکومییەکاندا کاردەکەن بۆ دابینکردنی شێڵتەر و شوێنی مانەوەی ئاوارە تازەکان.

"لە کۆتایی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا، نزیکەی ١٢ هەزار و ٢٠٠ یەکەی نیشتەجێبوونی کاتی لە هەشت ناوچەی جیاواز بۆ ئاوارەکانی موسڵ و دەورووبەری ئامادەکران. لە ئێستاشدا چەند دانەیەکی دیکە لە پرۆسەی بنیاتناندان، هەموو ئەمانە بەهاوکاری و یارمەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەنجامدەدرێن"جۆن کێربی وایوت.







خەندان
Top