کورد لە هاوکێشە جیهانییەکاندا حیساب بۆکراوە؛ سەردانی ئۆلاند پێگەی بەهێزی هەرێمی نیشاندا
دوای سەردانی (فرانسوا ئۆلاند)، بۆ هەرێمی کوردستان لە ئێستادا کۆمەڵێک ئاماژەی پێشوەختە بۆ هەرێمی کوردستان هەن کە ئیدی بڕاوەتەوە کە هەرێمی کوردستان لە ئاست پێگەی دیپلۆماسیدا توانیویەتی زۆر سەرکەوتووبێ لە ئاست جیهاندا مامەڵی دیپلۆماسی بەهێزی کردووە کە بۆ پاشەڕۆژی کوردستان زۆر گرینگە، لەمبارەوە نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان (عەلی دۆڵەمەری) دەڵێ پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا زۆر بەرزبووە.
(دۆڵەمەری) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەو سەردانەی سەرۆکی فەرنسا کرد بۆ هەرێم کە بۆ داهاتوو گرینگی زۆری دەبێ، چونکە دوای شەڕی داعش لە ئێستاوە هەستدەکرێ کە پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا بەرزە و، چونکە هێزی پێشمەرگەی کوردستان زۆر بە گیانفیدایانە توانی داعش بشکێنێ و بەرگری لە خاکی هەرێمی کوردستان کرد و رۆڵێکی گەورەی گێڕا.
(عەلی دۆڵەمەری) بیری هەموولایەکی هێنایەوە کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا کورد لەڕوانگەی دیپلۆماسییەوە سیاسەتێکی زۆر باشی کردووە و لە ئاستی ئەورووپا بەرەوپێشوەچوونی باشی بەخۆیەوە بینییەوە ئەوەتا ژمارەیەکی زۆری وەزیر و دیپلۆماتکاری ئەورووپا سەردانی هەرێمیان کردووە، هەروەک سەرۆکی فەرنسایش لە هەولێر دڵنیایی دا کە ئەوان ئامادەن هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن، هاوکاری هێزی پێشمەرگە دەکەین و هەتا گوتی کە دوای خۆمیش فەرەنسا ئامادەیە کە هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات، ئەمەش بۆ پێگەی داهاتووی هەرێم زۆر گرینگە چ لە ئاستی سیاسی یان نەتەوەیی دابێ دەتوانرێ پاڵپشتی بەهێز بۆ ئەو پڕۆژانە دروستبکرێ کە لەداهاتوودا هەرێم دەیبێت، بۆیە گرینگیشە کە ئەو دیپلۆماسییەتە زیاتر پەرەی پێبدرێ بۆ ئەوەی لۆبی بەهێزتر دروستبکرێ.
هەر سەبارەت بەو سەردانەی سەرۆکی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان، پرۆفیسۆری سیاسەتی جیوگرافی خەلیل ئیسماعیل بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئێستا هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا پێگەیەکی بەهێزی هەیە و حیساب بۆکراوە، بەتایبەت دوای ئەوەی کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەرکەوتنی بەرچاوی لە دژی داعشدا بەدەست هێنا.
(خەلیل ئیسماعیل) لە باسی سەردانی سەرۆکی فەرنسا بۆ هەرێمی کوردستان دەڵێ، سەردانەکە بۆ هەرێم زۆرگرینگ بوو و رێگاخۆشکەریشە بۆ ئەوەی سەرۆکی وڵاتانی دیکەش سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن، چاوەڕوان دەکرێ کە دەرگا نێودەوڵەتییەکانیش بەسەر کورددا بکرێتەوە و لە ئاست هاوکێشە جیهانییەکاندا حسێب بۆ کورد بکرێت.
ئەم پڕۆفیسۆرەی جیوگرافیای سیاسی ئاماژەیشی دا، ئێستا بەهۆی بەهێزبوونی پێگەی کورد بەشێکی زۆری وڵاتان بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا هاوکاری سەربازیی و مرۆیی رەوانەی هەرێم دەکەن، ئەمەیش نیشانەی ئەوەیە کە کورد پێگەیەکی بەهێزی لە ناوچەکەدا هەیە و هەندێ جاریش وەک دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێ.
هەر سەبارەت بەو سەردانەی سەرۆکی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان، چاودێری سیاسی (نیاز حاجی) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، کوردستان پێشوازی لە میوانێکی پایەبەرز و گرینگ کرد کە ئەویش سەرۆکی فەرەنسا بوو، کە وڵاتەکەی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشە و خاوەنی ڤیتۆیە، بەردەوامبوونی هەرێمی کوردستانیش لەسەر ئەو رەوتە دیپلۆماسییە زۆرگرینگە، چونکە کورد دەگەیەنێتە لێواری پێگەیەکی زۆر بەهێز لە جیهاندا.
(نیاز حاجی) ئاماژەیشی دا، هەروەک چۆن لە ساڵی 1991 فەرەنسا دەستپێشخەر بوو بۆ پاراستنی کوردستان، بۆ پاڵپشتی لە سەربەخۆیی کوردستان پێشەنگ دەبێ، ئاخر دەمێکە فەرەنسا وەک دەوڵەتی سەربەخۆ هەرێمی کوردستان دەناسێت و مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، بۆ لەمەودوایش چاوەڕواکراوە کە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سەردانی سەرۆکی وڵاتان بۆ هەرێم، دەرگای زیاتر دەکرێتەوە.
روونیشی کردەوە، ئەوەی (فرانسوا میتران) دەستی پێکرد بۆ پارێزگاریکردن لە کوردستان بەتایبەت لە ساڵی 1991 کە فەرنسا پڕۆژەبڕیاری ناوچەی ئارامی بۆ کوردستان پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی جیهان کردکە لەسەر داوای (فرانسوا میتەران) بوو، کە کوردستان پارێزرا، ئێستاش (فرانسوا ئۆلاند) لەسەر ئەو سیاسەتە بەردەوامی هەیە.
دواجار گوتیشی، لەماوەی خولی سەرۆکایەتیی (فرانسوا ئۆلاند) دووجار (سەرۆک بارزانی) وەک سەرۆکی وڵات لە کۆشکی ئەلیزێ پێشوازی لێکراوە و دوو جاریش (فرانسوا ئۆلاند) سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، ئەگەر فەرەنسا وەک نمونە وەربگیردرێ دەزاندرێ کە هەرێمی کوردستان لە چ پێگەیەکی بەهێزی نێودەوڵەتی دایە.
KDP-
