کەرکووک.. لەمەودوا سەردانی نەخۆش لە نەخۆشخانەکان بە پارە دەبێت

کەرکووک.. لەمەودوا سەردانی نەخۆش لە نەخۆشخانەکان بە پارە دەبێت
بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی کەرکووک، ئاماژە بەوە دەدات کە سەردانی نەخۆش، لە نەخۆشخانەکانی کەرکووک کرا بە پارە و پارەکەش بۆ کڕینی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان بە کار دەھێنرێت.



حوسێن سابیر، ئەمڕۆ سێشەممە 3/1/2017، بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی کەرکووک، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "سەردانی نەخۆش لە نەخۆشخانەکانی کەرکووک کرا بە پارەو ئەو پارەیەش بۆ کڕینی دەرمان و پێداویستییەکانی دیکەی پزیشکی بەکار دەھێنرێتەوە".


بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی کەرکووک، ئەوەشی ڕوون کردەوە: "ھاوکات وەرگرتنی ئەو پارەیەش بۆ ئەوەیە ڕۆژانە قەرەباڵغییەکی زۆر لە ناو نەخۆشخانەکانی کەرکووک دروست دەبوو، بە لێشاو ھاووڵاتیان سەردانی نەخۆشەکانیان دەکرد، بە وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیەش ئەو سەردانانە کەمتر دەبێتەوە".



گوتیشی: "بۆ ھەر کەسێک سەردانی نەخۆش بکات لە نەخۆشخانەکان، پسولەیەکی بۆ دەکرێت و بڕی 2 ھەزار دیناری لێوەردەگیرێت".

bas news -
Top