دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگشت شار و شارۆچکەکان لە پڕۆژەی خێرخوازیی بەردەوامە

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگشت شار و شارۆچکەکان لە پڕۆژەی خێرخوازیی بەردەوامە
بۆ ئەو خێزانە ئاوا‌رانەی لە سنووری شارۆچکەی ڕەواندوزو چەند گوندێکی دەوروبەری گیرساونەتەوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەستی کۆمەک و ھاوکارییان پێدەگەیەنێت و پێداویستی زستانەو خۆراکیان بەسەردا دابەش دەکات.


ئەمڕۆ سێشەممە 3/1/2017 لەمیانی بەسەرکردنەوەی شارۆچکەی رەواندوز، دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە ئامادەبوونی موسا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی دەزگا، چەندین ھەڵمەتی خێرخوازییان لە چەند ناوچەیەکی ئەو شارۆچکەیەدا ئەنجامدا، لەو میانەشدا لە کەمپەکانی بانەزیۆک، بیرۆیان و حامیە کە تایبەتە بە ئاوارەی ئێزیدی و شەبەک، سۆپا و جلوبەرگ، پریاسکەی خۆراک و بەتانی، بۆکسی تەندروستی و خواردنی لە قوتودراویان پێشکەشی 110 خێزانی ئاوارە کرد.



ھەروەھا ھەر ئەمڕۆ، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ وەرزی زستان، بەتایبەتی بۆ ئەو ناوچانەی کە بەفربارین دەیانگرێتەوە و بەھۆی نەبونی پێویستی گەرمکەرەوە لە قوتابخەکاندا سۆپا بۆ ژمارەیەک قوتابخانەی سنووری شارۆچکەکانی مێرگەسۆر، رەواندوز، چۆمان و سۆران، بڕیاری دا کە سۆپایان بۆ دابین بکات.



ھاوکات ئەمڕۆ، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە شاری کەلار،
لەدرێژەی دابەشکردنی جانتاو پێداویستیەکانی خوێندن بەسەر قوتابیانی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، قوتابیانی خاوەن پێداویستی تایبەتی ھاوکاریکرد.


دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەسەرجەم شارو شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان، بەبۆنەی دەستپێکی پڕۆسەی خوێندن و بۆ ھاوکاریکردنی زیاتری قوتابیان و کارئاسانیکردنیان بۆ خوێندن، جانتاو پێداویستی خوێندن دابەش دەکات، لەو میانەشدا لەشاری کەلار دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە ئامادەبونی بەڕێوەبەری گشتی چاودێری کۆمەڵایەتی شارەکە، جانتاو پێداویستی خوێندنی بەسەر 53 قوتابی خاوەن پێداویستی تایبەت (کەڕوڵاڵ) لە قوتابخانەی (وانۆ) بۆ نابیستایان دابەشکرد.



دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەرباری پڕۆژە خێرخوازییەکانی، ڕۆژانە دووژەمەخواردنی گەرم، بەرسەر ئاوارە تازە ھاتووەکان دابەش دەکات، لەمیانی پێشوازیکردن لەو خێزان و کەسە ئاوارانەی کە بەھۆی نالەباری ناوچەکانیان ھەڵدێن و ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، پاشان لە کەمپەکاندا نیشتەجێ دەکرێن، رۆژانە خواردنی گەرم و پێداویستی ناوماڵەیان بەسەردا دابەش دەکرێت، لەو میانەشدا لەکەمپی نێرگزلی لە سنووری پارێزگای نەینەوا ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕۆژانە پێشوازی لە ھاتنی ئاوارەیەکی زۆر دەکەن، ھەر ئەمڕۆش دوو ژەمە خواردنی گەرمیان بەسەر 225 خێزان و 1089 کەسی ئاوارەی پارێزگای نەینەوا دابەش کرد.
bas news -
Top