عێراق ... یوئێن ژمارەی قوربانیانی مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ بڵاوکردەوە

عێراق ... یوئێن ژمارەی قوربانیانی مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٦ بڵاوکردەوە
بە پێی ئەو ئامارەی ئەمڕۆ نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ھاریکاریکردنی عێراق (یونامی) بڵاوی کردوەتەوە، لە دەرەنجامی کردەوەی توندوتیژی و تیرۆریستی و پێکدادانی چەکداری کە لە مانگی کانونی یەکەمی ٢٠١٦دا ڕوویانداوە، ٣٨٦ ھاووڵاتیی عێراقی کوژراون و ١٠٦٦ کەسی دیکەش بریندار بوون.

ژمارەی کوژراوانی سڤیل لە مانگی تشرینی یەکەم ٣٨٥ کەسە (ھیچیان پۆلیس نین) و بریندارە مەدەنیەکانیش ژمارەیان ١٠٦٠ کەسە کە ئەوانیش پۆلیس نین.

ئامارەکانی ئەم مانگەی یوئێن وا دەردەخەن پارێزگای نەینەوا خوێناویترین پارێزگا بوو بە ٧١٩ قوربانیی سڤیل (٢٠٨ کوژراو و ٥١١ بریندار) ، لە دوای ئەو بەغدا دێت بە ( ١٠٩ کوژراو و ٥٢٣ بریندار) دواتر پارێزگای کەرکوک بە ( ٦٤ کوژراو و ٢٧ بریندار) .

نێردەکە نەیتوانی ژمارەی قوربانیانی مەدەنی لە پارێزگاری ئەنبار وەدەست بھێنێت .لەم بارەیەوە نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق (یان کۆبیش) وتی " ھەرچەندە ژمارەی قوربانیان لە ڕیزی ھاووڵاتیانی مەدەنی لەم مانگەدا کەمتر بوو لە مانگەکانی تر، بەڵام ئێمە تێبینی زیادبوونی ژمارەی تەقینەوە تیرۆریستیەکان دەکەین کە ھاوڵاتیانی سڤیل کردۆتە ئامانج لە کۆتاییەکانی مانگ و لە چەند ڕۆژی کەمی ڕابردوودا ".

یان کوبیش لەبەردەوامی قسەکانی دا گوتی " ئەوەی ڕوودەدات، ھەوڵی ڕێکخراوی داعشە بۆ شاردنەوەی شکستەکانی لە موسڵ و نەینەوا و ئەوەی جێگای داخیشە خەڵکی سڤیلی بێتاوان باجەکەی دەدەن".

جێگەی باسە، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ھاریکاری عێراق (یونامی) لە ساڵی ٢٠١٦ دا ١٩٢٦٦ قوربانی سڤیلی تۆمار کردووە (٦٨٧٨ کوژراو و ١٢٣٨٨ بریندار) و ئەو ژمارانەش ژمارەی قوربانیانی سڤیل لە پارێزگای ئەنبار لە مانگەکانی ئا‌یار و تەموز و ئاب و کانونی یەکەم ناگرێتەوە
payamner-
Top