ئه‌مڕۆ دەست بە تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی خوێندن كرا

ئه‌مڕۆ دەست بە تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی خوێندن كرا

رۆژی سێشەممە 3/1/2017، لە باشووری کوردستان دەست بە تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی خوێندن كرا، وەزیری پەروەردەش رایگەیاند، 985 هەزار قوتابی لە تاقیکردنەوەکاندا بەشدارن و 600 هەزار قوتابی ئەو ناوچانەش كە بایكۆتیان تێدا راگەیێندراوە، نەچوونەتە هۆڵەكانی تاقیكردنەوە.

پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی خوێندن لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک بەڕێوەدەچن و تاوەکو 12ی مانگ بەردەوام دەبن.

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، لە سنووری پارێزگای هەولێر 500 هەزار و لە پارێزگای دهۆک 485 هەزار قوتابی لە تاقیكردنەوەكاندا بەشدارن، لە کەرکووکیش سیستەمی کۆرسات هەیە و ئەوان لە 15/1 دەست بە تاقیکردنەوە دەکەن.

لەبارەی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین، پشتیوان سادق گوتی "لەگەڵ پەروەردەی سلێمانی قسەمان کردووە، ئەوان پڕۆژەیەکیان هەیە بۆئەوەی تاقیکردنەوەکان لەو شوێنانەش ئەنجام بدرێن، هەوڵی جددیش دەدەین تاقیکردنەوەکانی وزاری لەیەک کاتدا بكرێن".

پشتیوان سادق گوتیشی "لە قوتابخانە تایبەتەکان لە سلێمانی تاقیکردەوەکان بەڕێوەدەچن و بەگشتی لە کۆی 700 هەزار قوتابی 100 هەزار قوتابی ئەمڕۆ لە تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی خوێندندا بەشدار دەبن".
payamner-
Top