قایمقامى چەمچەماڵ: شەوى ڕابردوو دوو ئارپیچى نراوە بە وێستگەیەکى کارەباوە

قایمقامى چەمچەماڵ: شەوى ڕابردوو دوو ئارپیچى نراوە بە وێستگەیەکى کارەباوە

قایمقامى چەمچەماڵ ڕایگەیاند، شەوى ڕابردوو دوو ئارپیجى نراوە بە وێستگەى کارەباى ماسەوە، لەکاتێکدا ئەو وێستگەى لەسەدا ٥٠ کارەباى هەموو شار و شارۆچکەکانى هەرێم دابین دەکات.



دواى خۆپیشاندانى بەشێک لە هاوڵاتیانى چەمچەماڵ بەهۆى کەمى کارەباوە، ئەمرۆ سێشەممە ٣ى کانونى دووەمى ٢٠١٧ ئامانج محەمەد، قایمقامى چەمچەماڵ ڕاگەیاند "کارەباى چەمچەماڵ پێنج کاتژمێر نیە و زیاترە، لە ١٢ى شەوەوە هەتا بەیانى کارەبایان هەیە و ئیتر سەرە محاویلە و ئەو شتانەى نییە".

سەبارەت بە داواکارى هاوڵاتیان کە دەڵێن وێستگەى کارەبا و غازى دانا غاز لەسنورى خۆماندایە، قایمقامى چەمچەماڵ وتى "کۆنتڕۆڵى مەرکەزى هەیە لە هەولێر و ئەو سەرپەرشتى دابەشکردنى کارەباى هەرێم دەکات، وێستگەى کارەباى ماسیش ئەهلیە و هى کەرتى تایبەتە و هەتا زەوییەکەشى لە هاوڵاتیان کڕیوەتەوە".

وتیشى "ئەم کۆمپانیایە کارگەیەکى داناوە و دەیفرۆشێت، دوورونزیک پەیوەندى بە حکومەتى هەرێمەوە نیە و خۆى مامەڵەى پێوە دەکات".

قایمقامى چەمچەماڵ ئەوەشى وت "گروپێک لە چەمچەماڵ دەیانەوێت گرفت دروست بکەن و ئێمەش بە ئاشکرا بزوتنەوەى گۆڕانمان لێ ئاگادار کردووەتەوە، خۆ هەر چەمچەماڵ موعاناتى نییە، ئەى شار و شارۆچکەکانى تر، ئەى بۆ لە شارەکانى تر ئەوە ناکرێت".

ئامانج محەمەد پرسیارى ئەوەش دەکات، ئەوە کێیە ئارپیچى دەنێت بە وێستگەى کارەباکەوە؟ ئەمانە خۆپیشاندەرن؟

وتیشى "ئێمە پلان و بەرنامەى پشتى ئەم خۆپیشاندانە دەزانین، ئایا ١٣٠ کەس نوێنەرایەتى ٢٢٥ هەزار کەسى چەمچەماڵ دەکەن؟ دوێنێش پلان دانراوە بۆئەوەى قایمقامیەت بکرێتە ئامانج، ئەوە ئەو کەسانەن لەبارەگایەکى حزبى دیاریکراوە دانراون و دەیانەوێت ئەمنیەتى چەمچەماڵ تێکبدەن".

پێشتر عەبدوڵای کوێخا موبارەک ئه‌ندامێكی چڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ڕه‌شه‌ی ته‌قاندنه‌وه‌ بۆریه‌ غازه‌كانی چه‌مچه‌ماڵی كردبوو.
payamner-
Top