بەرپرسێکی گۆڕان: دەبێ ڕێوشوێن بەرامبەر ئەوانە بگیرێتە بەر کە لە پشت هێرشەکەدا بوون

 بەرپرسێکی گۆڕان: دەبێ ڕێوشوێن بەرامبەر ئەوانە بگیرێتە بەر کە لە پشت هێرشەکەدا بوون
بەرپرسێکی بزووتنەوەی گۆڕان، هۆشداری لە بارەی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی سەر وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا دەدات و داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، لەبەرامبەر ئەو هێرشەدا بێدەنگ نەبێت.

ئه‌یوب عه‌بدوڵا ئیسماعیل، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان و ئەندامی لێژنه‌ى ناوخۆ و ئاسایش و ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێییه‌كان لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی ڕووداوەکەی چەمچەماڵەوە ڕایگەیاند: “دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێتە سەرخەت، ڕێکاری ئەمنی بەرانبەر بە هەموو ئەوانە وەرگرێت کە دەستیان لە بەئامانجگرتنی وێستگەیەکی کارەبایی لە چەمچەماڵدا هەبووە، دەبێت دەزگا ئەمنییەکان بەدواداچوون بکەن”.

بە پێویستیشیزانی، قایمقامی چەمچەماڵ، لێژنەیەکی ئەمنی دروست بکات، بۆ بەدواداچوونی سنووری ژێر دەسەڵاتی خۆی، بە هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە و سەرەداوەکان بدۆزنەوە. گوتیشی: "هیچ کەسێک نابێت لە سەرووی یاساوە بێت، بۆیە دەبێت سەرەداوی ڕووداوەکە ئاشکرا بکرێت، چونکە ئەمە سەر دەکێشێت بۆ خروقاتی ئەمنی”. دووپاتیشی کردەوە: “دەبێت ئەو لایەنە سیاسییەی لەپشت ڕووداوەکە بووە، ڕێکاری لە بەرانبەردا بگیرێتە بەر".

ئەم قسانەی بەرپرسەکەی گۆڕان لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ سێشەممە 3\1\2017، ئامانج جەباری، قایمقامی چەمچەماڵ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، تاقمێک لەنێو بزووتنەوەی گۆڕان، دەیانەوێت ئارامیی ناوچەکە تێک بدەن و ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لەلایەن چەند کەسێکەوە دوو گوللە (ئاڕ پیجی) ئاراستەی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای (ماس) کراوە.












باسنیوز
Top