کرماشان.. ژنە مامۆستایەک گیانی 25 قوتابیی لە مەرگ ڕزگار کرد

 کرماشان.. ژنە مامۆستایەک گیانی 25 قوتابیی لە مەرگ ڕزگار کرد
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕە خۆجێیەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، دوێنێ دووشەممە 2017 -1-2 ڕەعنا گەرمەسێری، ژنە مامۆستایەکی قوتابخانە لە گوندی "سەرابلە"ی سەر بە ناوچەی (ناودەروەن)ی پارێزگای کرماشان پاش کەوتنەوەی ئاگر لە قوتابخانەکە زۆر بوێرانە گیانی 25 قوتابیی لە مەرگ ڕزگار کردووە.

بەپێی سەرچاوەکان دوای ئەوەی سۆبەی نەوتییەکەی قوتابخانە ئاگر دەگرێت، ڕەعنا بوێرانە یەک‌بەیەک 25 منداڵی پۆلە جیاجیاکانی ئەو قوتابخانە لە شەڵاڵی ئاگر رزگار دەکا و بە بتڵی ئاگرکوژێنەوە دوای نێو کاتژمیر، ئاگرەکەش دادەمرکێنێ.

رەعنا گەرمسیری لەو بارەوە دەڵێت "رزگارکردنی منداڵان لە کاتێکدا سۆبە نەوتییەکە لەبەر دەرکی پۆلەکە بوو کارێکی ئەستەم بوو کە بە خۆشییەوە هیچ مناڵێک زیانی وەبەرنەکەوت. ئەگەرچی زۆر جار بەرپرسانم سەبارەت بە نەبوونی ئیمکاناتی پێویست ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام تا ئیستاش وەڵامیان نەداوەتەوە."

زۆربەی هەرە زۆری قوتابخانەکان و شوێنی وانەگوتنەوەکان لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەتایبەت لە گوندەکان ناستاندارد و مەترسیدارن، بەتایبەتی لە وەرزی سەرمادا، گەرمکردنی قوتابخانەکان بەهۆی نەبوونی سیستەمی گەرمایی، ئەگەری دووبارە بوونی کارەساتی هاوشێوەی قوتابخانەی (شیناوێ)ی پیرانشاری لێ دەکەوێتە کە نزیکەی 30 قوتابی بوونە قوربانی."

گوندی سەرابلە لە 15 کیلۆمیتری شاری کرماشان هەڵکەوتووە، کە لەباری پێداویستی و پێڕاگەیشتن زۆر هەژارە و هەر ئەوەش بووەتە هۆی کۆچکردنی خەڵک بۆ کرماشان و ئێستا تەنیا 25 قوتابی و یەک مامۆستای هەیە.














باسنيوز
Top