قایمقامی چەمچەماڵ گرووپێکی نێو گۆڕان بە هێرشکردنە سەر وێستگەیەکی کارەبا تۆمەتبار دەکات

 قایمقامی چەمچەماڵ گرووپێکی نێو گۆڕان بە هێرشکردنە سەر وێستگەیەکی کارەبا تۆمەتبار دەکات
لەلایەن چەند چەکدارێکەوە، شەوی ڕابردوو، دوو گوللە (ئاڕپیجی) ئاراستەی وێستگەی کارەبای (ماس) لە چەمچەماڵ کراوە. لەمبارەیەوە ئەمڕۆ سێشەممە 3\1\2017، ئامانج جەباری، قایمقامی چەمچەماڵ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، ئەو دوو مووشەکە بە وێستگەی کارەبای (ماس)ەوە نراوە. جەختیشی لەوە کردەوە کە تاقمێکی نێو بزووتنەوەی گۆڕان دەیانەوێت ئارامیی ناوچەکە تێک بدەن.

هەر ئەمڕۆ و چەند سەعاتێک دوای هێرشەکە، عەبدوڵای کوێخا موبارەک، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان و بەرپرسی مەکۆی چەمچەماڵی بزووتنەوەکە، لە نووسینێکیدا کە لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، ڕای گەیاندووە: ”پێویستە کارەبای قەزای چەمچەماڵ بەبێ دابڕان، 24 کاتژمێر بەردەوام بێت“. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە نیوەی کارەبای هەرێمی کوردستان بە کەرکووکیشەوە ”بە گازی سرووشتیی چەمچەماڵ بەرهەم دەهێندرێت“ و وێستگەی کارەبای 1200 مێگاواتی لە شارۆچکەکەیان دروست کراوە و چەمچەماڵیش بە گوندەکانیەوە ”پێویستی بە 90“ مێگاوات کارەبا هەیە.

پێشتر بەرپرسی مەکۆی چەمچەماڵی بزووتنەوەی گۆڕان زیاتر لە جارێک هەڕەشەی ڕاگرتنی هەناردەکردنی گازی سرووشتیی چەمچەماڵی کردووە، بەڵام لە دوایین پۆستیدا ئۆباڵی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی سەر وێستگەی کارەباکەی لە ئەستۆ نەگرتووە، ڕەتیشی نەکردووەتەوە.















باسنيوز
Top