پۆلیسی ھەڵەبجە: ڕێژەی تاوان کەمی کردووە

 پۆلیسی ھەڵەبجە: ڕێژەی تاوان کەمی کردووە
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای ھەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت: "کۆی گشتی کێشەکان لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە کەمیان کردووە".

ڕائید بارزان عوسمان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای ھەڵەبجە، ئەمڕۆ سێشەممە (3/1/2017)، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ھەڵەبجە، ڕایگەیاند: "لە ساڵی 2015 ، ھەزار و 992 کێشە لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە تۆمار کراون، بەڵام لە ساڵی 2016، ھەزار و 563 کێشە بوون، ھەموو کێشەکانیش لە بنکەکانی پولیس یەکلا بوونەتەوە، بەپێی ئەمەش بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە ڕێژەی تاوان لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە کەمی کردووە".

ڕوونیشی کردەوە و گوتی: "لە ساڵی 2015 ، 71 حاڵەتی دزیکردن، 58 حاڵەتی ڕووداوی ھاتووچۆ و 31 حاڵەتی ھەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، 162 حاڵەتی شەڕ و 27 حاڵەتی پەلاماردانی فەرمانبەرانی دەوڵەت تۆمار کراوە، بەڵام لە ساڵی 2016دا، 99 حاڵەتی دزیکردن و 31 حاڵەتی ڕووداوی ھاتوچۆ، 21 حاڵەتی ھەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و 129 حاڵەتی شەرکردن و 43 حاڵەتی پەلاماردانی فەرمانبەرانی دەوڵەت تۆمار کراوە".

بە گوتەی بارزان، لە ساڵی 2015دا و لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە، تەنیا حاڵەتێکی کوشتن و حاڵەتێکی خۆکوشتن، 8 حاڵەتی ھەوڵی کوشتن و حاڵەتێکی مردنی قەزاو قەدەر لەگەڵ 5 حاڵەتی تەزویر و حاڵەتێکی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ڕۆژنامەنووس تۆمار کراوە، بەڵام لە 2016دا، 4 حاڵەتی کوشتن و دووحاڵەتی خۆ کوشتن، 6حاڵەتی ھەوڵی کوشتن لەگەڵ 6 حاڵەتی مردنی قەزاوقەدەر و 3 حاڵەتی تەزویر و حاڵەتێکی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ڕۆژنامەنووس تۆمار کراوە.

ئەوەشی خستەڕوو: "ھەر لە ساڵی 2015دا و لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە، 65 حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان و 5 حاڵەتی خۆسووتان و مردن ،33 حاڵەتی خراپ بەکار ھێنانی ئامێری پەیوەندی و 19 حاڵەتی زیادەڕەوی زەوی لەگەڵ 4 حاڵەتی ڕفاندن و 81 حاڵەتی ھەڕەشەکردن تۆمار کراوە، بەڵام لە ساڵی 2016دا 56 حالەتی توندوتیژی دژی ژنان و 3 حاڵەتی خۆسووتاندن و مردن، 33 حاڵەتی خراپ بەکارھێنانی ئامێری پەیوەندی لەگەڵ 44 حاڵەتی زیادەڕەوی زەوی و 2 حاڵەتی ڕفاندن و 107 حاڵەتی ھەڕەشەکردن و حاڵەتێکی خنکان تۆمارکراوە".













باسنيوز
Top