ئاراس خۆشناو: چاوەڕوانین لەم مانگەدا گۆڕانکاری لە پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران بکرێت

 ئاراس خۆشناو: چاوەڕوانین لەم مانگەدا گۆڕانکاری لە پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران بکرێت
سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی کوردستان لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، چاوەڕێ دەکرێت لەم مانگەدا گۆڕانکاری لە پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەراندا بکرێت.

د. ئاراس خۆشناو، سەرۆکی سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی کوردستان لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: “چاوەڕوان دەکرێت لە هەر دەرفەتێکدا، ئەولەویەتی یەکەمی حکوومەت پێدانەوەی مووچەی فەرمانبەران بێت، بۆ مانگی 1\1\2017ی مووچەی فەرمانبەران، چاوەڕوانین بەپێی داهات، گۆڕانکاری بکرێت، بۆیە ئومێد زۆرە لەم مانگەدا گۆڕانکاری لە پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەراندا بکرێت”.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە: "لەم مانگەدا پشت بە داهاتی نەوت دەبەسترێت و داهاتی ناوخۆش کۆدەکرێتەوە، دواتر قەرزی کۆمپانیا بیانییەکان سووککراون، چونکە لە ساڵی ڕابردوودا، بەتایبەت لە چوار مانگی کۆتایی ساڵی 2016، بەبەردەوام 185 ملیۆن دۆلاری قەرزی کۆمپانیاکان دراوەتەوە، ئەولەویەتی یەکەمی سەرۆکی حکوومەتیش ئەوە دەبێت کە لەمساڵدا گۆڕانکاری لە سیستەمی مووچەدا بکرێت، بەتایبەت ئەوانەی زەرەرمەند بوون و پارەیان لای حکوومەتە".

ئاراس خۆشناو لە لێدوانەکەیدا لەبارەی ئەو بڕە پارەیەی فەرمانبەران کە لای حکوومەت پاشەکەوت کراوە، ئاماژەی بەوە کرد: “بە دوو ڕێگا دەتوانرێت ئەو پرسە چارەسەر بکرێت، یەکەم سەرجەم فەرمانبەران حسابێکی بانکییان بۆ بکرێتەوە و سەرجەم پارەکانیان بخرێتە ناو ئەو حیسابەوە، پاشەکەوتی چوار مانگی 2015 و مووچەی مانگەکانی 2016 بکرێتە یەک حیساب”.

ڕێگەی دووەمیش بە بڕوای سەرۆکی سەنتەرەکەی ئەنجومەنی وەزیران، ئەوەیە کە سەرجەم ئەو ڕسوماتانەی حکوومەت لەلای خەڵک هەیە، وەک پارەی کامێرای چاودێری و پارەی ئاو و کارەبا و باج و خانووبەرە و سەرجەم ڕسوماتەکانیانی دیکە، لە پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران وەربگیرێت.












باسنیوز
Top