مەحموود عوسمان: حزبەکان یەکڕیز بوونایە ڕۆڵی کورد زۆر کاریگەرتر دەبوو
د. مەحموود عوسمان، سیاسەتمەدار و ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕاگەیاند: “پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا هەیە، ئەوەش لە دەرئەنجامی ئەو هەموو خوێنەی پێشمەرگە داویەتی، پێشمەرگە وایکردووە ئەو هەموو بەرپرسەی جیهان ڕووبکەنە کوردستان، لە هەمان کاتدا بارزانی درێخی نەکردووە لە دروستبوونی پەیوەندیی کوردستان و جیهان”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: "کێشە ئەوەیە حزبەکانی کوردستان یەک دەنگ نین، ئەگەر حزبەکان یەکگرتوو بوونایە، ڕۆڵی کورد زۆر زیاتر دەبوو، دەشمانەوێت لەڕووی سیاسییەوە خەڵک سەیرمان بکات کە ئەمەش پێویستی بە یەکگرتن و یەکگرتووی حزبەکانەوە هەیە".
ئەوەشی وەبیر هێنایەوە کە "کاتی خۆی مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە سەردانێکدا بۆ ئەمەریکا، شاندێکی دیاریکرد کە لەسەرجەم حزبەکان پێکهات، دوای ئەوە شاندەکە نەما، ئێستاش زۆر گرنگە حزبەکان یەکڕیزی بپارێزن و کۆببنەوە، ڕێکبکەون، لە دەرەوە لۆبی دروست بکەن، چونکە پەیوەندیی ئێستای کوردستان و وڵاتان لەنێویشیاندا فەڕەنسا، لە پێشووتر زیاتر بووە".
د. مەحموود عوسمان ئاماژەی بەوەش دا کە فەرەنسا دەتوانێت زۆر شت بۆ کورد بکات، چونکە مافی ڤیتۆی هەیە، بۆیە “چاوەڕوانین لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە هاوکاریی کوردستان بکەن”.
دوێنێ دووشەممە 2\1\2017، فرانسوا ئۆلاند، سەرۆک کۆماری فەڕەنسا، بۆ دووەمینجار، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و وەک سەردانیکردنی وڵاتێکی فەرمیی دونیا، بەشداری لە چەند مەراسیمێکدا کرد.
باسنیوز
