بەرپرسێکی پارتی: پەکەکە دەیەوێت فێڵ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وڵاتان بکات

 بەرپرسێکی پارتی: پەکەکە دەیەوێت فێڵ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وڵاتان بکات
بەرپرسێکی پارتی ئاماژە بەوە دەکات، لە شنگال، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) فێڵ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی ئەمەریکاش دەکات، بە جۆرێک خەڵکی لە شوێنەکانی دیکەوە بردووەتە ئەو شوێنە و بە شێوەزاری خەڵکی شنگال قسە دەکەن.



وەحید باکۆزی، بەرپرسی لقی شنگالی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕاگەیاند: “ئاگادارین کە ماوەیەکە پەکەکە لە شنگال خولێکی زمانەوانی کردووەتەوە بۆ ئەوانەی لە دەرەوەی شنگالەوە هێناویانن، تاوەکوو فێری شێوەزار و شێوازی قسەکردنی خەڵکی شنگال ببن، بۆ ئەوەی کەس پێیان نەڵێت ئەمانە لە کوێوە هاتوون؟”.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە پەکەکە “دەیەوێت فێڵێک بکات”، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکاش بڕوا بەوە بهنێت کە “ئەمانە شنگالین". گوتیشی: ”هەر کاتێک پەکەکە شنگالی چۆڵ کرد، ئەوە ئێزدییەکانی ناو پەکەکە لە چوار چێوەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و لە چوار چێوەی ڕێنماییەکانی حکوومەتدا، کوێیان پێ خۆش بێت، دەتوانن لەوێ خزمەت بکەن".



لە ماوەی ڕابردوودا موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ڕای گەیاندبوو کە هێزەکەیان لە شنگال دەکشێننەوە.

پێشتر مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال ڕاگەیاندبوو کە هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ کشاندنەوەی هێزەکەی پەکەکە لە شنگال نەندراوە، لە کاتێکدا حکوومەت و خەڵکی شنگال و لایەنی دەرەکیی وەک ئەمریکاش داوای کشانەوەی ئەو هێزە دەکەن.







باسنیوز
Top