لە سلێمانی ڕۆژنامەنووسان گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ڕێک خست

 لە سلێمانی ڕۆژنامەنووسان گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ڕێک خست
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان دژی ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس ئەفرام شەوقی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی ئەنجام دا.

ئەمڕۆ پێنج شەممە 2016 -12 -30سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان، بە ئەمادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان و پەڕلەمانتاران لەبەردەم نووسینگەی پەڕلەمانی عێراق لە سلێمانی دژی ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس ئەفرام شەوقی، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا و داوا دەکەن، ھەرچی زووترە دەزگا ئەمنییەکانی بەغدا ھەوڵەکانی خۆیان چڕتر بکەنەوە بۆ دۆزینەوەی ئەو ڕۆژنامەنووسە.

ڕەحمان غەریب، بەرپرسی سەنتەری میترۆ لەلێدوانێکدا ڕایگەیاند: "ئەو ڕۆژنامەنووسەی لە بەغدا ڕفێنراوە، چەند چەکدارێکی نەناسراو بوون، ئۆتۆمبێلی پۆلیسی ھاتوچۆیان لەگەڵ بووە، ئەمەش حاڵەتێکی مەترسیدارە بۆ سەر ژیانی ڕۆژنامەنووسان. بێگومان ئەرکی دەزگا ئەمنیەکانە ھەوڵەکانی خۆیان چڕبکەنەوە، بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو ڕۆژنامەنووسە بێگومان دەزگائەمنیەکان دەتوانن ئەو خانمە ڕۆژنامەنووسە بدۆزنەوە."

گوتیشی:" کۆمەڵگەی عێراقی بە شێوەیەکی ترسناک دابەش کراوە، بەسەر چەند کۆمەڵێکدا دواجار ئەم دابەشبوونە ھەستی تایفەگەری قۆووڵتر کردووەتەوە، بە جۆرێک ئەگەر کەسێکی سوننە قسەیەک بکات، شیعەیەک بریندار دەکات، ھەروەھا میلیشیا لە عێراقدا زاڵە بەسەر دیمەنی عێراقدا، بۆیە ئەوەی کە ڕوو دەدات حاڵەتێکی زۆر مەترسیدارە."

ئاماژەی بەوەش کرد: "ھیچ کەسێک زانیاری لەسەر چارەنووسی ئەو ڕۆژنامەنووسە نییە تەنھا ئەوەنە بێت، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ سەلیم جبووری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بەڵێنی ئەوەیان داوە، ھەوڵەکانی خۆیان چڕبکەنەوە، بۆ دۆزینەوەی ئەو ڕۆژنامەنووسە."





باسنیوز
Top