نووسینگەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە

 نووسینگەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە
نووسینگەی جێگری سەرۆکی دەزگای ئاسیشی هەرێمی کوردستان، لەبارەی هەواڵێکی ناڕاستی سایتی (نیقاش) لەبارەی دەستگیرکردنی "تیرۆریستێک ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردووەتەوە."

لە ڕوونکردنەوەکەی جێگری دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا هاتووە " سایتی نیقاش بە بێ بەدواداچوون و پرس کردن بە دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەم هەواڵەی بڵاو کردەوە، گەرنا بە ئاسانی بۆیان دەردەکەوت، کە ئەم تیرۆریستە بۆچی دوو جار هەواڵی دەستگیرکردنی بڵاو کراوەتەوە."

دەقی ڕوونکردنەوەکە"

ڕوونکردنەوەیەک لە سەر هەواڵێکی ناڕاستی سایتی نیقاش

لە رۆژانی ڕابردوودا، سایتی نیقاش هەواڵێکی ناراست و ناتەواوی لەبارەی دەستگیرکردنی تیرۆریستێک بەناوی (ئەحمەد حسێن عەبدولرەحمان محەمەد ئەلعزی) بڵاو کردەوە، دوای ئەمەش چەند کەناڵ و دەزگای ڕاگەیاندنی لۆکاڵی چەواشەکارانە ئەم هەواڵەیان بە شێوەی جیاجیا بڵاوکردەوە.

سایتی نیقاش بە بێ بەدواداچوون و پرس کردن بە دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەم هەواڵەی بڵاو کردەوە، گەرنا بە ئاسانی بۆیان دەردەکەوت، کە ئەم تیرۆریستە بۆچی دوو جار هەواڵی دەستگیرکردنی بڵاو کراوەتەوە.

بۆ گشت لایەکی ڕوون دەکەینەوە، کە ئەم تیرۆریستە، برای تیرۆریستی داواکراو (محەمەد حسێن ئەلعزی) ناسراو بە (حەمادی)یە، کە ئێستا لە سنووری حەوێجەیە. مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٤ ، تیرۆریست (ئەحمەد حسێن ئەلعزی) لە پرۆسەی پشکنینی خانووی براکەیدا، کە ڕایکردبوو بە کۆمەڵێک چەک و تەقەمەنییەوە دەستگیر و ڕادەستی دادگا کرا و پەراوی لێکۆلینەوەی بۆ کرایەوە، ناوبراو ماوەیەک لە زیندانی تەسفیراتی كه‌ركووك بەند بووە، دواتر گواستراوەتەوە بەندیخانەیەکی سەر بە پارێزگای سلێمانی و دوای چوار مانگ دووبارە گواستراوەتەوە بۆ بەندیخانەی تەسفیراتی كه‌ركووك، بەڵام بە بڕیاری دادگای تاوانەکانی كه‌ركووك بە ژمارە ٢٢٣ج لە ٥/٧/٢٠١٥ بە بیانووی ئەوەی چەک و تەقەمەنییەکان هی براکەی بووە ئازاد کرا، کەچی ناوبراو دووبارە پەیوەندیی بە براکەی، تیرۆریست (حەمادی) کردەوە و ئەوە بوو لە ٢٥/١٠/٢٠١٦ لە حەی عەسکەریی شاری كه‌ركووك لە پەیوەندی بە هێرشەکەی كه‌ركووكەوە دووبارە دەستگیر کرا و دانپیانانەکانیشی دواتر بڵاو کرانەوە.

بۆ هەموو لایەکی دووبارە دەکەینەوە کە کێشەیەکی سەرەکیی دەزگا ئەمنییەکانی شاری كه‌ركووك ئەوە بووە، کە هەمیشە تاوانباران و تیرۆریستان بە بیانووی جیاجیا بە ئاسانی ئازاد دەکرێن و بە دەیان نموونە هەن، کە ئازادکراوەکان دووبارە پەیوەندییان بە تیرۆریستان کردۆتەوە. هێزەکانی ئاسایش بە خوێنی خۆیان ئاسایشی هەرێمی کوردستان و كه‌ركووكیان پاراستووە و کارێکی ناشایست و ناڕەوایە لە میانەی ململانێ سیاسییەکاندا هەوڵی دروستکردنی تۆمەتی نابەجێ بۆ هێزەکانمان بدرێت.

نووسینگەی جێگری سەرۆکی

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان

٢٩/١٢/٢٠١٦




باسنيوز
Top