فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک وەڵامی سەرۆکی بەرەی تورکمانی دەداتەوە
رۆژی چوارشەممە 28ـی کانوونی یەکەمی 2016، ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراقی داوای لە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردبوو هێزێکی سوپای عێراق بنێرێتە کەرکووک، بە بیانووی رێکخراوی توندڕەوی داعش هێشتا مایەی مەترسییە بۆ شارەکە.
رۆژی پێنجشەممە 29ـی کانوونی یەکەم، عەمید خەتاب عومەر، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە پارێزگاکە ئارامە و ”هیچ مەترسییەک لەسەر کەرکووک نییە“.
ئەم داوایەی ئەرشەد ساڵحی لە کاتێک دایە، کە لە ساڵی 2014 پاراستنی پارێزگای کەرکووک لە ئەستۆی سوپای عێراقی بوو و لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا هەموو سوپاکە بەرامبەر داعش خۆی نەگرت و بەشێکی ناوچەکانی دەوروبەری شاری کەرکووک داگیر کرا.
دواتر هێزەکانی پێشمەرگە، ئاسایش و دژەتیرۆری کوردستان لە ماوەیەکی کەمدا ناوچە داگیرکراوەکانیان رزگار کردەوە و مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستانیش دڵنیایی دایە هاوولاتییانی کەرکووک، کە پێشمەرگە لەو ناوچانە ناکشێتەوە و هەموو سنوورەکانی کوردستانی باشوور دەپارێزێت.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
باسنيوز
