هاووڵاتیێكی ئێزدی: دوو کوڕم هەبوون، یەکێك داعش بردی، ئەوی دیکەشیان پەکەکە ڕفاندی

 	 هاووڵاتیێكی ئێزدی: دوو کوڕم هەبوون، یەکێك داعش بردی، ئەوی دیکەشیان پەکەکە ڕفاندی
سەرۆکی ئەنجوومەنی شارۆچکەی شنگال دەڵێ، لە ئاوارەیەکی پرسیوه‌ بۆچی ناگەڕێتەوە سنوونێ و لەژێر ئەو خێوەتەدا چیی دەکات؟، لە وەڵامدا گوتویه‌تی، ''دوو کوڕم هەبوون، یەکێك داعش بردی و ئەوی دیکەش پەکەکە ڕفاندی، بۆیە ناگەڕێمەوە.''



(وەیس نایف) سەرۆكی ئەنجوومەنی شارۆچكەی شنگال بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاشكاوانه‌ گوتی، ''بە پشتگیریی حكوومەتی عێراق پەكەكە لە شنگالدا ماوەتەوە، خۆ ئەگەر حكوومەتی عێراق نەبووایە و پشتگیریی ئەوانی نەكردبا، ئێستا ئەوان لە شنگال نەدەمان. هه‌ڵبه‌ت ئەگەر پەكەكە هەر لە شنگال بمێنێتەوە، ئه‌وا زۆرینه‌ی خەڵكی شنگال ناگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و هەر لە ئاوارەییدا دەژین، هۆكارەكەشی ڕوونه‌ كه‌ دەترسن جارێكی دیكە كارەساتێكی دیكەیان بەسەردا بێ.''



سەرۆكی ئەنجوومەنی شارۆچكەی شنگال دەشڵێ، چ وەك ئەنجوومەن، چ وەك خەڵكی شنگال، داوایان كردووە لە عێراق كە نابێ چیی دیكە ئەوان هاوكاری پەكەكە بن و، پێویسته‌ ئەو هێزە لە شنگال بچێتە دەرەوە تا خەڵكەكەی بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.

ئه‌و كورته‌چیرۆكی هاووڵاتیێكی ئێزدی ده‌گێڕێته‌وه‌ و ده‌ڵێ: ''دوێنێ له‌ هاووڵاتیێكی ئاواره‌بووی ئێزدیم پرسی، بۆچی ناگەڕێیەوە سنوونێ، لە بن ئەو خێمەیەدا چ دەكەی؟، لە وەڵامدا گوتی، من دوو كوڕم هەبوون، یەكێك داعش بردی، ئەوەی دیكەش پەكەكە ڕفاندی، بۆیە ناگەڕێمەوە.''



(نایف) زانیاریی دا كه‌، ''ئێستا پەكەكە وا خه‌ریكی فروانتركردنی قه‌ڵه‌مڕۆیی خۆیه‌تی لە شنگال، بەتایبەتی لە چیای شنگال و سەردەشت كه‌ بنكە و بارەگای زیاتر دروست دەكات و هێزی زیاتر كۆ دەكاتەوە، ئەوەیش وای كردووە ئەو خەڵكەی گەڕاوەتەوە جارێكی دی ئاوارە ببنەوە.''


kdp-
Top