د. مەحموود عوسمان: تورکیا بە ڕەزامەندیی ئەمریکا لە شنگال دەیەوێت لە پەکەکە بدات
د. مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، بە ()ڕایگەیاند: “دەبێت پرسی مانەوەی پەکەکە لە شنگال لەنێوان پارتی و پەکەکە چارەسەر بکرێت، هەوڵبدەن بگەنە یەک، چونکە تورکیا دەیەوێت لێیان بدات، دیاریشە ئەمریکا لە کۆنەوە لەگەڵ تورکیایە، چونکە لە کۆنەوە پەکەکە لەسەر لیستی تیرۆرە، دەبێت هەوڵ بدەن گفتوگۆ لەگەڵ یەکتری بکەن بۆ ئەوەی بگەنە دەرئەنجامێک”.
مەحموود عوسمان جەختی لەوە کردەوە کە لێدوانی هەندێک لە بەرپرسانی پەکەکە لەسەر شنگال و کردنەوەی بەرەی جەنگ لەدژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەڵەیە و دەبێت لێکتێگەیشتن هەبێت، “ئەگەر نەتوانن لەیەکتری بگەن، سەر دەکێشێت بۆ شەڕ کە لە بەرژەوەندیی کورددا نییە، بۆیە دەبێت پەکەکە دۆخی کوردستانی باشوور لەبەرچاو بگرێت و گرفت دروست نەکات، چونکە حکوومەت لە شەڕێکی سەختی داعش و لە قەیرانێکی گەورەی ئابووری دایە، دواجار بابەتەکە بە زیان بۆ کورد دەشکێتەوە".
ئەو سیاسەتمەدارە کوردە ئەوەشی ڕوون کردەوە: “ئەمەریکا سوورە لەسەر ئەوەی پەکەکە شنگال چۆڵ بکات، چونکە لەگەڵ تورکیا هاوپەیمانە و لە کوردستانی ڕۆژئاواش پشتیوانیی پەیەدە دەکات، واتە ئەوان ئەگەر لەبەر بەرژەوەندیش بێت، لەگەڵ مانەوەی پەکەکە لە شنگال نین".
بە بڕوای مەحموود عوسمان، هەریەک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، چوونەتە بەرەی پەکەکە و پارتی دیموکراتیی کوردستانیش داوای چۆڵکردنی شنگال لە پەکەکە دەکات.
پێشتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای لە پەکەکە کردبوو، هێزەکانی لە شنگال بکشێنێتەوە و بە دووری نەزانیبوو کە ئەگەری بەکارهێنانی هێز بەرامبەر بە پەکەکە هەیە. لە بەرامبەردا هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ڕەتی کردەوە هێزەکانی بکشێنێتەوە و پێداگری لەوە کرد کە ئەوان بۆ شەڕکردنیش ئامادەن.
باسنیوز
