ئەمریكا دووبارە داوا لە پەکەکە دەکات شنگال چۆڵ بکات و پێیوایە کۆسپێکی بەردەم ئاشتەوایی و گەڕانەوەی خەڵکی ئاوارەیە بۆ سەر ماڵ و حاڵیان
مارک تۆنەر، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی سێشەممە 28-12-2016، لە کۆنگرەیەکی رۆژانامەڤانیدا رایگەیاند "پەكەكە لەلایەن ئەمریكا وەك گرووپێكی تیرۆریستی ناسێندراوە و پێویست ناكات هیچ رۆڵێكیان لە شنگالدا هەبێت".
گوتیشی "باوەڕمان وایە بوونی پەكەكە لە شنگال كۆسپێكی گەروەیە لەبەردەم ئاشتەوایی و گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئەو كەسانەی ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە، بۆیە دەبێت ناوچەکە چۆڵ بکات".
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە هەمو گرووپە چالاكەكانی شنگال كرد هەوڵەكانیان بۆ بەدیهێنانی ئاشتەوایی سیاسی چڕ بكەنەوە، بەمەبەستی رێگەخۆشكردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان و بنیتانانەوەی ژیانی خۆیان.
ئێستا پێشمەرگە و سوپا عێراق بەیەكەوە لە موسڵ شەڕی داعش دەكەن، مانگی 10 ی ئەمساڵ بۆیەكەمجار دوای 25 ساڵ، سەربازانی سوپای عێراق پێیان نایە سەر خاكی كوردستان بۆ گەمارۆدانی موسڵ، لەبارەی ئەو هاوئاهەنگییە مارك تۆنەر گوتی "داوادەكەین ئەو هاوكارییەی ئێستا لەنێوان حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان هەیە بۆ شەڕی داعش، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی دیكەش هەبێت".
لەبارەی پشتیوانی حكومەتی عێراق لە پەكەكە لە شنگال، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی "ئەو پرسیارە لەخۆیان بكەیت باشترە، بەڵام ئێمە باوەڕمان وایە بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری عێراق وەك ئێمە بیردەكاتەوە و بەباشی نازانن پەكەكە لەو ناوچەیە هەبێت".
لەسەر هەمان پرس، چەند رۆژێك پێش ئێستا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ مۆنیتەر رایگەیاند "روون و ئاشكرایە ئەو كاتەی ئەو رووداوە كارەساتبارە بەسەر ئێزدییەكانی شنگالدا هات، هێزەكانی رۆژئاڤا ـ واتە پەیەدە ـ رۆڵێكی زۆر بەنرخیان گێڕا لەوەی یارمەتی خەڵكی بدەن و هەتا شوێنی پارێزراو لەگەڵیان بوون. ئێمە پێزانینمان بۆ ئەوە هەیە و سوپاسی ئەو هەنگاوە دەكەین".
گوتیشی "لەم رەوشەی ئێستادا، بوونی هێزەكانی پەكەكە لە شنگال تەنها سەقامگیریی ناوچەكە تێكدەدات و هیچی تر. بوونی پەكەكە لەوێ رێگرە لەوەی خەڵك بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. ئەوان دوودڵن لەوەی بگەڕێنەوە، چونكە دەترسن شەڕ و پێكدادانی نوێ رووبدات، نیگەرانن لەوەی چ داهاتوویەكی لێڵ چاوەڕێیان دەكات، واتە ئەوە ئێمە نین (وەك هەندێك لایەن تۆمەتبارمان دەكەن) كە رێگە لە گەڕانەوەی ئەوان بۆ سەر ژیان و ماڵ و حاڵی خۆیان دەگرین. ئێمەش وەك ئەو خەڵكە نیگەرانین، بۆیە بە بڕوایەكی تەواوەوە دەڵێین پەكەكە دەبێ شنگال جێبهێڵێت".
رووداو
