سوپاسالاری پێشمەرگە: 2016 ساڵی سەرکەوتنی پێشمەرگەیە
فەریق جەمال ئێمینکی، سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی (ئەنادۆڵ) رایگەیاندووە، کە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە ساڵی 2016دا ”زەنگی لەناوبردنی“ رێکخراوی توندڕەوی داعشی بۆ جیھان لێدا.
فەریق جەمال ئێمینکی ئەرکی وەزارەتی پێشمەرگە دوای سەرکەوتنەکانی بەسەر داعشدا ئاشکرا کرد و رایگەیاند، کە رێکخستنەوەی دووبارەی هێزەکانی پێشمەرگە و تەقەمەنیی ئەو هێزانە ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، چونکە ”نازانین چ شەڕێکی دیکە روو لە ھەرێمی کوردستان دەکات“ و پێشمەرگە لە هەموو بارودۆخێکدا لە حاڵەتی ئامادەباشییدایە.
سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە پێیوایە هەرچەندە داعش لە ساڵی 2016 ”لە لوتکەی بەهێزیی خۆیدا بوو“، بەڵام پێشمەرگە بە درێژایی هەزار و 500 کیلۆمەتر رووبەڕووی ئەو رێکخراوە بووەوە، ”بە چەک و تەقەمەنییەکی کەم و ئیرادەیەکی بەرزەوە“ سەرکەوتن لە دوای سەرکەوتنیان بە دەست هێنا.
سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە ساڵی 2016 بە ساڵی سەرکەوتنی پێشمەرگە دادەنێت، کە سەرەڕای خۆکوژەکان و بەکارهێنانی جۆرەها چەکی قەدەغەکراو لەلایەن بەهێزترین رێکخراوی تیرۆریستی، کە داعشە، بەڵام پێشمەرگە توانی ”ئاڵا رەشەکەی داعش“ دابگرێت و لە هەر هێرشیکیدا، ناوچەیەکی فراوان رزگار بکاتەوە، ”ناوبانگی پێشمەرگە لە تەواوی جیھان دەنگی دایەوە، تەنانەت لە سەرۆکی وڵاتە زلھێزەکان سەرکەوتنەکانی پێشمەرگەیان بەسەر داعش تێکەڵی گوتارەکانیان دەکرد ودڵخۆشییان دەردەبڕی“.
باسنیوز
