عێراق ژمارەی ئاوارەکانی شاری مووسڵ ئاشکرا دەکات

 عێراق ژمارەی ئاوارەکانی شاری مووسڵ ئاشکرا دەکات
حکوومەتی عێراق ژمارەی ئاوارەکانی شاری مووسڵ، کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ ئاوارە بوون، ئاشکرا دەکات.



رۆژی چوارشەممە 28ـی کانوونی یەکەمی 2016، دەرباز محەمەد، وەزیری کۆچ و کۆچپێکراوانی حکوومەتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کە 120 هەزار ئاوارەی شاری مووسڵ و دەوروبەری لە کەمپەکان نیشتەجێ کراون.



دەرباز محەمەد هەروەها رایگەیاندووە، کە لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵەوە، 137 هەزار کەس لە شاری مووسڵ و شارۆچکەی حەویجەوە ئاوارە بوون.



ئەو ئاوارانە بەهۆی دڵنیابوونیان لە پاراستنی مافەکانیان، پەنایان بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان هێناوە و لە کەمپەکانی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک نیشتەجێ کراون.



ئاوارەکانیش باس لەوە دەکەن، کە تەنها دەزگای خێرخوازیی بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکارییان دەکەن.



لە رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی 2016ـەوە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ رزگار کردنەوەی مووسڵ دەستی پێکردووە.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.








باسنيوز
Top