لە چۆمان سەدان مین و تەقەمەنی سەردەمی ڕژێمی بەعس لە ناوبردران

لە چۆمان سەدان مین و تەقەمەنی سەردەمی ڕژێمی بەعس لە ناوبردران


ئەمڕۆ سێشەممە دوای دۆزینەوەو کۆکردنەوەیان بە سەدان مین و تەقەمەنی نەتەقاوە، لە چاڵێکی دەڤەری باڵەکایەتی، لەنابردران کە مێژووەکەیان بۆ سەردەمی ڕژێمی بەعس دەگەڕێتەوە.



زێبار خالید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی ھەولێر، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "لە بەردەوامی بەڕێوەبەرایەتییەکەماندا، بۆ پاککردنەوەی خاکی کوردستان لە مین و پاشماوەکانی شەڕو پاراستنی گیانی ھاووڵاتیان، ئەمرۆ سێشەممە 27/12/2016 تیمی لە ناوبردنی تەقەمەنییە نەتەقاوەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی ھەولێر، لە چالاکییەکیدا لە چاڵی چۆمبالۆک، لە سنووری ناحیەی شارەدێی سمیلان، سەر بە شارۆچکەی چۆمان، ھەڵساین بە لە ناوبردنی زیاتر لە 500 پێنج سەد پارچە مین و تەقەمەنی نەتەقاوە".



بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی ھەولێر، ئەوەشی خستەڕوو: "ساڵانە لە ئەنجامی پڕۆسەی پاکسازی مین و پاککردنەوەی ناوچە مینرێژکراوەکان، بە ھەزاران پارچە مین و تەقەمەنی نەتەقاوە لە ناوچە مینرێژکراوەکان لە سنووری پارێزگای ھەولێر لە ناودەبردرێن".



گوتیشی: "ئەو مین و تەقەمەنییانە، مێژووەکەیان بۆ سەردەمی ڕژێمی بەعسی لە ناوچوو لە شەڕی ھەشت ساڵەی عێراق و ئێران دەگەڕێتەوە".
bas news-
Top