لێکۆڵینەوە لە دۆسیەیەکی گەندەڵی ٢ ملیار دیناری دەکرێت

لێکۆڵینەوە لە دۆسیەیەکی گەندەڵی ٢ ملیار دیناری دەکرێت

ئەنجومەنی وەزیران و دەستەی نەزاھەی ھەرێمی کوردستان لێکۆڵینەوە لە بەھەدەردانی خەرجکردنی ٢ ملیار دیناری فەرمانگەی رێکخراوە ناحکوومیەکان و چەند رێکخراوێک دەکەن .

سەردار ئازاد چالاکوانی رێکخراوە ناحکوومیەکان بە باسی راگەیاند: لەسەر سکاڵایەک ماوەیەکە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ لێکۆڵینەوە لە گەندەڵی رێکخراوە ناحکوومیەکان پێکھاتووە، گوتی: سیروان زەھاوی سەرۆکی لیژنەکەیە ھەریەک لە بەشی یاسایی و وردبینی ئەنجومەنی وەزیرانیش لە لیژنەکە ئەندامن و لێکۆڵینەوەی خۆیان کردووە و وتەیان لە چەند کەسێک وەرگرتووە و سەردانی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکوومیەکانیشیان کردووە.

ئەو گووتی: لیژنەکە پێشنیازیان بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کردووە چەند بەرپرسێکی پێشوو فەرمانگەی رێکخراوە ناحکوویەکان لەگەڵ چەند بەرپرسێکی تازە چەند پلەیەکی وەزیرفیان لێ وەربگیرێتەوە.

سەردار ئازاد جەختی کردەوە دەستەی نەزاھەش لێکۆڵینەوە لە بەھەدەردانی ٢ ملیار دیناری فەرمانگەی رێکخراوە ناحکوومیەکان و ھەندێک رێکخراو دەکات، گوتیشی:بەپێی کەیسەکە ٢٥ رێکخراوی ناحکوومی بە نایاساسی زیاتر لە ٢ ملیاردیناریان بەھەدەرداوە و خواردوویانە.

چالاکوانەکە ئاشکراشی کرد: وردبینی کەیسی ئەو ٢ ملیاردینارە لە دەستەی نەزاھە تەواوکراوە و بەم نزیکانە دەست دەکرێت بە قۆناغەکانی تر، ھەروەھا لە دەستەی نەزاھە پێیان راگەیاندم لەو کەیسە شتی زۆر فەزاحەت کراوە و پارەیەکی زۆر بەفیڕۆدراوە و بە تەنھا رێکخراوێک ٥١٦ ملیۆن دیناری بەنایاسایی خەرجکردووە.

لە ساڵی ٢٠١٣ بڕی ١١ ملیار دینار بۆرێکخراوەکان خەرجکراوە ئەو پارەیەی بەفیڕۆدراوە پێوەندی بەم بودجەیەوە ھەیە.

سیروان زەھاوی سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر ئەو کەیسە رایگەیاند لیژنەکەیان لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەکات و کاری باشیان ئەنجام داوە.

ئەو ئاماژەی بەوەدا لەکاتێکدا کە سەرۆکی لیژنەکەیە لە رووی قانونی نابێت وردەکاری بابەتەکەیان ئاشکرا بکات بۆیە ئامادە نەبوو زانیاری زیاتر لە سەرکارەکانیان بخاتەڕوو
payamner-
Top